مەترسیی فەوتانی ساڵێكی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی دەكرێت

:: PM:06:00:17/02/2018 ‌

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بەهۆی بەردەوامیی بایكۆتی مامۆستایانەوە، مەترسی لە دەستچوونی ساڵێكی خوێندن دەكرێت و وەزیری پەروەردەیش لە پەرلەمان ڕوونكردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی شوبات، شوكریە شێخانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، خوێندن  لە سلێمانی خەریكە بە تەواوی پەكی دەكەوێت و خوێندن تەنیا لە دوو پۆل دەكرێت و مامۆستایان نە گەڕاونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، خوێندن مەترسی هەژمار نەكردنی لەسەرە، چونكە تەنیا پۆلی 12 و نۆ خوێندنی بۆ دەكرێت و مامۆستایان داوای مووچە دەكەن لە كاتی خۆیان پێیان بدرێت، ئەوەیش مافی خۆیانە.

شوكریە ئاشكرای كرد، وەزیری پەروەردە سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكات و ڕوونكردنەوە لەسەر دۆخ و چارەسەری خوێندن لە دەڤەری سلێمانی دادەنێت، هەرچەندە دەوامیش كەم كراوەتەوە، بەڵام مامۆستایان هێشتە ئامادە نین بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكی ئەمڕۆ بۆ مامۆستایان ڕای گەیاند، عەبادی بەڵێنی داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوو مووچە وەكو خۆی لێبكاتەوە.

ماوەی مانگێكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی مامۆستایان بایكۆتی خوێندنیان كردووە و لە هەفتەی ڕابردوویش مووچەی مامۆستایان دابەش كرا، بەڵام مامۆستایان داوای جێگیركردنی مووچەكانیان دەكەن كاتی وەرگرتنی بزانن.



وشە - رامیار جەواد