توركیا لە تەنگژەی سووریا چی پێ دەبڕێت؟

:: PM:10:26:18/02/2018 ‌


هەڵمەتی سەربازی توركیا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە و رەنگە چەندان لێكدانەوە بۆ هۆكاری ئەو هەڵمەتە بكرێت، بەڵام بەشێكیان گرنگی زیاتر بەوە دەدەن كە توركیا بەدوای لاوازكردنی كورد و شوێنپێیەكی هەمیشەیی لەو وڵاتە دەگەڕێت و دەیەوێت كۆنترۆڵی سنوورەكانی لەگەڵ سووریا بكات، بەڵام ئەو جیا لە كورد و ئەمەریكای كە تارادەیەك نەیارین، رووبەڕووی بەرژەوەندییەكانی رووسیا و ئێران و خودی حكوومەتی سووریا دەبێتەوە كە ئەوەی لە یاد ناچێت رۆژێك لە رۆژان ئەردۆغان داوای رووخاندنی ئەسەدی كردووە.


لایەنە نێودەوڵەتییەكانی ناو تەنگژەی سووریا هەوڵی درێژكردنەوەی ماوەی ململانێی توركیا-كورد لە سووریا دەدەن بەمەبەستی لاوازكردنی توانا سەربازییەكانی توركیا و كەمكردنەوەی قەبارەی دەسەڵاتی توركیا لە ناو سووریادا، ئەوەیش بە مەبەستی دوورخستنەوەی ئەنكەرەیە لە هاوكێشەی دابەشكردنی دەسەڵات لە دوای كۆتاهاتنی تەنگژە و ململانێكان لەو وڵاتەدا. لە بەرانبەردا توركیا هەوڵی گرتنی شوێنپێیەك بۆ هێزەكانی لەسەر خاكی سووریا و باڵادەستیی لەسەر ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ سووریا و بەتاڵكردنی لە یەكینەكانی پاراستنی گەل دەدات، لەپاڵ دروستكردنی رێڕەوی بەردەوامی پاڵپشتی بۆ گرووپەكانی چەكداری سەر بەخۆی لە سووریا. 


ئامانجەكانی توركیا لە هەڵمەتە سەربازییەكەی بۆ سەر عەفرین


1-سنوورداركردنی هەڕەشەكانی كورد، توركیا لەوە دەترسێت كە داننانی نێودەوڵەتی بە خۆبەڕێوەبەریی پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە ناو سووریا ببێتە هۆی لاوازكردنی هەوڵەكانی بۆ لەناوبردنی پەكەكە و هەڵمەتەكەی توركیایش لەدوای راگەیاندنی ئەمەریكا هات بە پێكهێنانی هێزێكی 30 هەزار كەسی بۆ سەپاندنی ئاسایش لە ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ توركیا و عێراق لە ناوچە كوردییەكان كە توركیا بەتوندی بەرهەڵستی دەكات. و رای گەیاند كە دەیەوێت ناوچەیەكی ئارام بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لەناو خاكی سووریا دروست بكات.  


2-یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە توركیا لە 2019، ئەو هەڵمەتە وەك ئامرازێك لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە دێتە بەكارهێنان بۆ هەڵبژاردنەكە، بەتایبەتی كە كورد بەرهەڵستكارێكی سەرسەختی ئەردۆغانە.


هەڵوێستی لایەنەكانی سەر گۆڕەپانی سووریا:


1-بەرژەوەندییەكانی رووسیا، رووسیا لە سەرەتای هەڵمەتە سەربازییەكە رای گەیاند كە خۆی لەو هەڵمەتە بەدوور دەگرێت و هەستا بە پاشەكشەكردن بە هێزەكانی لە ناوچەكە و كردنەوەی ئاسمانی عەفرین بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ بۆردەمانكردنی، هاوكات هەوڵی دا كە قەناعەت بە كورد بكات بۆ دانە دەستی كۆنترۆڵی شارەكە بۆ رژێمی سووریا لە بەرانبەر بوونی شێوەیەكی خۆبەڕێوەبەری بۆیان، بەڵام كورد و ئەمەریكایش رازی نەبوون.


بۆیە لە پشتەوەی هەڵمەتە سەربازییەكە رووسیا دەیەوێت سنووری دەسەڵاتەكانی فرەوانتر بكات لە رێگەی لاوازكردنی كورد وەك هێزێكی كاریگەرلای سیاسی لەسەر زەوی، هەروەها كەمكردنەوەی رۆڵی ئەمەریكا لە چارەسەركردنی تەنگژەی سووریا، بە گشتی رووسیا دەیەوێت دوو پەیام رەوانە بكات، یەكەمیان ئەوەیە كە ئەمەریكا تاوانبار بكات بە هەڵگیرساندنی جەنگ لە عەفرین و دووەمیان رەوانەكردنی پەیامێك بۆ كورد بەوەی ئەوان نووچیان خوارد لە هەڵبژاردنی هاوبەشی گونجاو، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەمەریكا.


2-هاوئاهەنگی ئەمەریكا، سەرەڕای نزیكیی هەڵوێستی توركیا و ئەمەریكا لە بەرانبەر رژێمی ئەسەد، بەڵام پێوەندییەكانیان بە بگرە و راكێشەدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی جیاوازیی بەرژەوەندییەكانیان لەبارەی كوردەوە، بۆیە ئەمەریكا داوای راگەیاندنی پێكهێنانی هێزە كوردییەكە پاشگەز بووەوە لە لێدوانەكانی و رای گەیاند كە مەبەستی مەشق و راهێنانە نەوەك دروستكردنی هێزێك. بەڵام سەرەڕای ئەوە توركیا هەڵمەتەكەی هەر دەست پێ كرد. بۆیە ئەمەریكا بەرهەڵستكاری لە هەڵمەتە سەربازییەكە دەرنەبڕی، بەڵام داوای كرد كە سنووری عەفرین تێپەڕ نەكات.


3-دەستەوارەیەكی سووریا، لەلایەكی تر رژێمی ئەسەد لە فرەوانبوونی دەسەڵاتی كورد لە باكوری سووریا دەترسێت، هەروەها ترسی لەوەیش هەیە لە دەرنەچوونی هێزەكانی توركیا لە خاكەكەی، بۆیە ئەگەرچی سووریا رەتی كردەوە كە توركیا زانیاری دەیت پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی پێ دابێت، بەڵام هیچ یارمەتییەكی كوردەكانیشی نەدا.


لێكەوتەكانی (چڵە زەیتوون):


1-گۆڕانی هاوپەیمانیەتییەكانی توركیا: وەك فرەوانكردنی رووبەری هەڵمەتە سەربازییەكە بەرەو منبەج و هەڕەشەكردن لە لێدانی سەربازانی ئەمەریكا لەو شارە ئەگەر پۆشاكی یەپەگە بپۆشن، هەروەها بانگەشەكردن لە ناوخۆی توركیا بۆ كرانەوە بە رووی بەشار ئەسەد، كە ئەوانە پاڵەپەستۆ دروست دەكەن بەوەی توركیا بیر لە هاوپەیمانیەتی نوێ لە ناوچەكە بكاتەوە.  


2-یەكخستنی كورد، لەو كاتەی یەكینەكانی پاراستنی گەل خۆسازدانی گشتی راگەیاند و داوای لە هەموو گەلی كورد كرد كە بەهانایانەوە بچن، بێجگە لە خۆپێشاندانی نارەزایی كوردان لە دژی هەڵمەتەكە.


3- بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ كورد، وەك فڕەنسا كە هەوڵی بەدەستهێنانی رۆڵێك لە تەنگژەی سووریا دەدات 


بۆیە وڵاتانی بەشدار لە تەنگژەی سووریا هەوڵی درێژكردنەوەی جەنگەكە دەدەن بۆ لاوازكردنی هەریەك لە توركیا و كورد و پێشبینیش ناكرێت كە دەستوەردانی توركیا لە سووریا ببێتە هۆی یەكلاكردنەوەی تەنگژەكە، بەڵام رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی فرەوانبوونی دەسەڵاتی توركیا لە سووریا، ئەگەرچی پاڵەپەستۆی نێودەوڵەتی بۆ سەر توركیا زیادی كردووە كە رەنگە كاریگەری نەرێنی بكاتە رۆڵی لە ناوچەكە. 


سەرچاوە: موستەقبەل 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل