لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران .. ئەمەریكا دوا هەل دەداتە وڵاتانی ئەوروپا

:: PM:06:27:19/02/2018 ‌

ئەمەریكا داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەكات هەڵوێستیان روون بكەنەوە لە بارەی هەموواری رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، پێش ئەوەی بڕیاری سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران بسەپێنرێت لە مانگی ئایاری داهاتوو. هەریەكە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و فڕەنسا پشتگیری لە پلانەكەی ئەمەریكا دەكەن، بەڵام داوای گفتوگۆی زیاتریش دەكەن.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، وڵاتەكەی هەموواری رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەكات كە لە سەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا، لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ كرا بوو.

بە پێی رێككەوتنەكە بەرانبەر بە هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەری، ئێران دەست هەڵدەگرێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی سەربازی و دروستكردنی موشەكی كڵاوەی ئەتۆمی، بەڵام لە رێككەوتنەكە باس لە هەنگاوەكانی ئێران نەكراوە لە پەرەپێدانی موشەكی دوور هاوێژی بالیستی و كیشوەر بڕ، كە ئێستە ئەمەریكا داوای دەكات.

بەرپرسانی ئەوروپی و ئەمەریكی پێیان وایە، هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ئەمەریكا بە دروستی هیچ لە بارەی ئەوە نازانن ئەمەریكا چی دەوێت و بە چی رازی دەبێت بۆ پابەند بوونی بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، بە دیاری كراویش نازانن ئەمەریكا چی لە وڵاتانی ئەوروپا دەوێت.

پێنج بەرپرسی ئەوروپی و چوار بەرپرسی پێشتری ئەمەریكی پێیان وایە ئەوەی لە پەیامەكەی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەكان هاتووە كە پێشتر بڵاونەكراوەتەوە، زۆر لەوە كەمتر داوا دەكات كە پێشتر دۆناڵد ترەمپ داوای كردبوو، پێدەچێ ئەمەش یارمەتیدەر بێت بۆ نزیك كردنەوەی بۆچوونی هەردوولا.

لەو پەیامەی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ناردووە داوایان لێدەكات پابەند بن بە كاركردن لەگەڵ ئەمەریكا بۆ زیاد كردنی رێككەوتنی تەواوكاری بۆ سەر رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پەیوەند بە موشەكی پێشكەوتووی دوور مەودای ئێران كە ئێستە ئەو وڵاتە هەوڵی پەرەپێدانی دەكات.

ئەمەریكا داوا دەكات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پشكنین بۆ توانای موشەكی ئێرانیش بكرێت و كەموكوڕییەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش چارەسەر بكرێت.

كرۆكی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك (ئەمەریكا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، رووسیا، چین، فڕەنسا) بریتییە لە كەمكردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەرانبەر بە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكان.

لای دۆناڵد ترەمپ سێ كەموكوڕی وایكردووە رێككەوتنەكە شكست بهێنێت، ئەوانیش شكست لە چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ موشەكە بالستییەكانی ئێران، نەبوونی مەرجێك كە رێگە بە پشكنێرە نێودەوڵەتییەكان بدات سەردانی ئەو وێستگانە بكات كە پەیوەندارن بە موشەكی ئەتۆم و كەمی ماوەكەی كە تەنیا 10 ساڵە.
 
ترەمپ داوای چاككردنی كەموكوڕییەكانی رێككەوتنەكە دەكات تا بەردەوام بێت و لەناو رێككەوتنەكە بمێنێتەوە، ئەگەرنا ئەوا دەكشێتەوە.

 لەسەر ئەم پرسە ترەمپ هۆشداری دایە هاوپەیمانە ئەوروپییەكان و رای گەیاند لەسەریانە رەزامەندی بفەرموون لەسەر چاكسازی لە رێككەوتنەكە و چاك كردنی كەموكوڕییەكان. ئەگەر ئەوە نەكرێت ئەوا ئەمەریكا لە رێككەوتنەكە دەچێتە دەرەوە و سزاكانیش لەسەر ئێران هەڵ ناگرێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند ئەوە دوا هەلە بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەكان پێش هاتنی مانگی ئایاری داهاتوو كە وادەی كۆتایی هاتنی سزاكانی سەر ئێران و نوێكردنەوەیەتی.


لەسەر ئەم پرسە هەینی رابردوو بەریتانیا بە فەرمی پشتگیری خۆی بۆ ئەمەریكا و مەترسییەكانی سەر بەرنامەی موشەكی بالیستی ئێران راگەیاند.

تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە سەردانیدا بۆ ئەڵمانیا، لە بەرلین رای گەیاند وڵاتەكەی هاوڕای ئەمەریكایە لەسەر ترسەكانی سەبارەت بە چالاكییەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گوتی "پێویستە رێوشوێنی زیاتر دژ بە ئێران بگیردرێتە بەر".

 زیاتر گوتی "كۆدەنگین لەسەر پاراستنی رێككەوتنەكە بەڵام لەگەڵ ئەمەریكاش بەشدارین لە مەڕ ترسی ئەمەریكا لەسەر كردەوەكانی ئێران و تێكدانی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئامادەین رێوشوێنی زیاتر دژ بە ئێران بگرینە بەر بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان".
 
لای خۆیەوە بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نیگەرانی وڵاتەكەی نەشاردەوە دژ بە هەوڵەكانی ئێران بە تایبەت دوای كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكەی ئیسرائیل لەسەر خاكی سووریا لە رۆژی شەموی رابردوو.
 
هاوكات ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا هۆشداریدا لەو پێشێلكارییانەی ئێران لەسەر رێككەوتنەكە كردوویەتی و هۆشداریشیدا لە دەستوەردانی ئێران لە كاروباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ماكڕۆن ئەوەشی خستەڕوو دەبێت بە ئاگا بین لە بەرنامەی موشەكی بالیستی و چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا، گوتی "ئەوەی گرنگە یەكلاكەرەوە بین لەگەڵ ئێران پەیوەست بە چالاكییەكانی لە ناوچەكە و بەرنامەی موشەكی بالیستی ئەو وڵاتە".

 لای خۆیەوە جان ئیف لۆ دریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا نیگەرانی وڵاتەكەی نەشاردەوە لە دەستوەردانی ئێران لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرنامەی موشەكی بالیستی دوور مەودای ئێران كە ئێستە بووەتە جێی مشتومڕی وڵاتان.

 لۆ دریان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا سعودیەكەی لە ریاز گوتی "رۆڵی ئێران لە ناوچەكە زۆر نیگەرانی كردووین، هەمیشە بیر لە دەستوەردانەكانی ئێران و دروستكردنی تەنگژە دەكەمەوە لەلایەن ئەو وڵاتە لە ناوچەكەدا، جگە لەمە بیر لە بەرنامەی موشەكی بالیستی ئەو وڵاتە دەكەمەوە".

 
ئەمە لە كاتێكدایە ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا لە كۆنگرەی ساڵانەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە گوتاری خۆیدا زۆر بە توندی رەخنەی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران گرت و رای گەیاند دەبێت ئەو وڵاتە ناچار بكرێت سنوورێك بۆ بەرنامەی بالیستی و چالاكییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت".
 
هەوڵەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەمووار كردنەوەی رێككەوتنەكە هەر دوای گرتنە دەستی دەسەڵات دەستی پێكردووە و پێی وایە ئەمە (خراپترین رێككەوتن)ە ئیدارەی پێش خۆی لە كۆشكی سپی واژۆیان لەسەر كردووە و ئێرانیش هیچ رێز لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە ناگرێت.

زیاتر گوتی "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەی پێدراوە چەند پشكنینێكی دیاری كراوی كورت مەودا بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئەنجام بدات لە بەرانبەر ئەمەشدا ئێران دەستی كراوەیە و سزاكانی لەسەر هەڵدەگیردرێت"، زیاتر گوتی "سزاكانی سەر ئێران زیاتر دەكەین و كە دەبنە بەربەست لە هاوكاریكردنی دارایی  گروپە تیرۆریستییەكان".
 
دوای تێپەڕوونی تەنیا ساڵێك بەسەر رێككەوتنەكە، نەتەوەیەكگرتووەكان لە راپۆرتی خۆیدا رەخنەی ئەوەی لە ئێران گرتووە كە پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە و چەكی داوە بە گروپی چەكداری دەرەوەی وڵاتەكەی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە ئەمەش پێچەوانەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیە".

سەرچاوە/عەرەب


وشە - فه‌رمان سادق