"هەڵبژاردن پێویستیی بە رێككەوتن هەیە و كە پارتی دەڵێت بەشداری ناكەین بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن ناكرێت"

:: PM:09:19:20/04/2024 ‌

شارەزا و سیاسەتوانان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكەن كە بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە گەورەترین هێزی سیاسیی هەرێمی كوردستانە، هەڵبژاردن ناكرێت، دووپاتی دەكەنەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویست بە رێككەوتنی لایەنەكان دەكات و ناكرێت بەو شێوەیەی ئێستە هەڵبژاردن بكرێت.

رەسووڵ رەئووف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بەڵام بابەتەكە ئەوەیە كەی دەكرێت؟، رەنگە چەند مانگێك دواتر بێت، بە هەموو پێوەرەكان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە ماوەی ئەمساڵدا رەنگە شتێكی زۆر خراپ بێت و بەغدا بە جۆرێكی تر مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات، هاوكات ئەگەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەسەر كاتی هەڵبژاردن رێكنەكەون، ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت كاریگەری نابێت.

باسی لەوەش كرد، بەبێ پارتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناتوانێت لە دهۆك و هەولێر هەڵبژاردن بكا و دەسەڵاتی هەبێت، ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت كاریگەری لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت، وەك چۆن هەڵبژاردن بكرێت بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان كاریگەری دەبێت، بە هەمان شێوەش ئەگەر بە شێوازی رێككەوتن نەكرێت ئەوا كاریگەرییەكانی خراپتر دەبن، بۆیە هەموو شتەكان بەو جۆرە باش دەبێت كە ئەو دوو حزبە رێك بكەون، یان دوا دەخرێت یان دوای رێككەوتن پارتیش كاندیدەكانی پێشكەش دەكا و بەغدا و پارتی رێك دەكەون.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە، بەبێ پارتی ناتوانرێت هەڵبژاردنێكی گشتی بكرێت، وەك ئەوەی لە زاخۆوە بۆ خانەقین خەڵك بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری بن و تەنیا لە سنووری سلێمانی دەبێت، هەڵبژاردنێكی ئاسایی دەبێت، خۆ دەبێت هێزە تەناهییەكان بتوانن سندووقەكان بپارێزن، خۆ حەشد و لایەنەكانی تری عێراق نایەن بۆ پاراستنی سندووقەكان، ئەوەش كاتێك دەكرێت كە پارتی بەشدار بێت، بۆیە ئەگەر پارتی بەشدارنەبێت، ئەوە روونادات كە هێزە تەناهییەكان سندووقەكان بپارێزن.

لای خۆیەوە سەرباز خۆشناو، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بە "وشە"ی گوت، هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان پێویستیی بە رێككەوتنی لایەنەكان هەیە و دەبێت هەمووان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێك بكەون، چونكە بەبێ هێزێكی گەورەی كوردستان هەڵبژاردن بەڕێوە ناچێت هەڵبژاردن بەبێ هەردوو هێزی دەسەڵاتدار ناكرێت، ئێستەش كە پارتی دەڵێت بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەین، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن ناكرێت، ئەگەریش بكرێت هەڵبژاردنێكی گشتگیر نابێت.

دووپاتی كردەوە، پێویستە رێككەوتن بۆ سازكردنی هەڵبژاردنێكی گشتی لە هەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە بەبێ بەشداریی هێزە سەرەكییەكان، هەڵبژاردنێكی كرچ دەبێت و لە هەڵبژاردنی گشتی ناچێت، ئێستەش كە پارتی بەشداری ناكات، واتە نیوەی خەڵك بەشدار نابێت، ئەوەش واتای ئەوەیە هەڵبژاردن ناكرێت و رەنگە دواخستن بۆ هەمووان باشتر بێت.

پێوەست بەو بابەتەوە ئارام عەدنان، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی یەكەمی هەرێمی كوردستان و بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن بەبێ هێزی یەكەم ئەنجام نادرێت، چونكە بەشدارینەكردنی ئەو حزبە، واتای بەشدارینەكردنی زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان، كاتێكیش زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن نەكەن، كەواتە هەڵبژاردن مانایەكی نابێت و جێگەی خۆی ناگرێت.

ئاماژەی كرد، هەڵبژاردن بە رێككەوتنی هەموو لایەنەكان دەبێت، بەبێ رێككەوتن هیچ هەڵبژاردنێك لە هەرێم نەكراوە، پارتیش خاوەن پێگە و سەنگ و قورساییە و كاتێك نەیەوێ بەو شێوەیە هەڵبژاردن بكات كەواتە ناكرێت، بەبێ هێزی گەورە و یەكەمی هەرێم ئەو هەڵبژاردنە ناكرێت كە هەمووان دەیانەوێ یان هەڵبژاردنێك كە سەرانسەری بێت و خەڵك تیایدا بەشدار بن.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل