پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پێدانی ئیمتیاز بۆ ئەندامانی دەكات

:: PM:04:08:12/03/2018 ‌


لە ترسی رەخنە و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵك كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق بە نهێنی گفتوگۆ لەسەر یاسای پێدانی ئیمتیاز بۆ پەرلەمانتاران دەكات.

بەگوێرەی پڕۆژە یاسایەكە كە بەشێكی دزەی كردووە بۆ میدیا، پەرلەمانتاران قسە لەسەر زیادكردنی ساڵانی خزمەتی خۆیان دەكەن بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی 15 ساڵ خزمەتی مەدەنییان نییە، جگە لەمە بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێنج ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ و بۆ ئەندامانی پەرلەمانیش سێ ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ تەرخان دەكرێت لەگەڵ 16 پاسەوان.

عیماد یوحەنا بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق دەڵێ، یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانی، كار و پێكهاتەی پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی ئەندامانی پەرلەمان و كاری لەگەڵ لایەنەكانی جێبەجێكردن رێك دەخات، ئەوەشی خستەڕوو خانەنشینی پەرلەمانتار بە یاسای خزمەتی مەدەنی رێكخراوە و خانەنشین دەبن.

روونی كردەوە لە دامەزراندن و ئیدارەدانی دانیشتنەكان و رێكخستنی خشتەی دانیشتنەكان و سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتاران و لێپرسینەوە لێی بە گوێرەی یاسایەكە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتاران پابەند كراون، بۆیە ئەو پرسە پێویستی بە رێككەوتنی نێوان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەیە پێش ئەوەی بخرێتە دانیشتنی پەرلەمان.

 ئەگەرچی پێشتر خانەنشینی پەرلەمانتاران بە یاسا رێكخراوە و فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانیش هەموو پڕۆژە یاساكان پێش خستنەڕووی لە دانیشتنی پەرلەمان لەسەر ماڵپەڕی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڵاو دەكاتەوە، بەڵام دوای سێ رۆژ لە بڕیاردان لەسەر یاساكە، هێشتا یاساكە بڵاو نەكراوەتەوە، ئەمەش نیگەرانی و گومان دەخاتە سەر یاساكە.
 بەڵام یوحەنا هۆكاری بڵاونەكردنەوەی دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆری ئەو هەموارانەی خراوەتە سەر یاساكە و زیادكردنی پێشنیازی تری یاسایی كە پێویست بە وردبینی دەكات لەلایەن فەرمانگە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان.
 
بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، یاساكە كۆمەڵێك ماف و شایستە دەدات بە پەرلەمانتاران كە پێچەوانەی پێوەرەكانی دادگەری كۆمەڵایەتییە، لەوانە پێدانی مووچەی خانەنشینی بە پەرلەمانتاران لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی خانەنشینی یەكگرتووی عێراقی.

بەگوێرەی یاساكە، هەر بڕیارێك لە سەرۆك یان جێگرانی سەرۆك دەربچێت پێش جێبەجێكردنی یاساكە، ئەوا كاری پێ دەكرێت بە تایبەت لە پرسی مافەكانی پەرلەمانتاران و پێدانی ئیمتیاز و رەوانەكردنیان بۆ خانەنشینی كە بەگوێرەی یاسای خانەنشینی ئەوانەی پێش جێبەجێكردنی یاساكە خانەنشین دەبن، یاساكە نایانگرێتەوە.

لەسەر ئەو پرسە زەینەب سەهلانی پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی دەڵێ، ئەو ئیمتیازانەی بە پەرلەمانتاران دراون، بەگوێرەی یاساكە زۆر كەمترە لەو ئیمتیازانەی حكوومەت بە وەزیرەكانی دەدات.

رۆژی دووشەمی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانی دا كە لە دانیشتنەكەدا هەندێك لە پەرلەمانتاران هاتنە دەرەوە و رەخنەیان لە ناوەڕۆكی یاساكە هەبوو كە ئیمتیازی زۆر دراوە بە پەرلەمانتاران.

بەگوێرەی یاسای خانەنشینی هەر ئەندامێكی پەرلەمان كەمتر لە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوا خانەنشینی نایگرێتەوە و تەمەنیشی دەبێت كەمتر لە 50 ساڵ نەبێت. یاساكە نیوەی ئیمتیازەكان دەداتە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی تەمەنیان لە 50 ساڵی كەمترە و رێیش دراوە دواتر وەك راوێژكار دابمەزرێنەوە ئەگەرچی لە یاساكەدا ئەو بڕگەیە دەنگی لەسەر نەدراوە.

 سەهلانی گوتی "لە یاساكەدا پاسەوانانی ئەندامانی پەرلەمان كە ژمارەیان 16 كەسە، بە گرێبەست دادەمەزرێن و دوای تەواوبوونی كارەكانیان خانەنشین ناكرێن، لە بارەی راوێژكارانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئەوان خۆیان پڕۆژەكەیان نووسیوە ساڵی 2011 كە پڕۆژەكە بەهۆی ناكۆكیی نێوان فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان لەسەر ئیمتیازەكانی ئەندام پەرلەمانی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك و جێگرانی و چۆنیەتیی بڕیاردان وەستێنرابوو".

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ یاسای پەرلەمانی عێراق و پێكهاتەكانی لە ساڵی 2016 كردووە، ئەگەرچی ئەوكاتیش هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان رەخنە و تێبینی خۆیان لەسەری هەبوو بە تایبەت خاڵی پێدانی ئیمتیاز بە سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمان.

 ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پڕۆژەكەی ئێستە، ئەنجوومەنی نوێنەران ناچاری زنجیرەیەك گۆڕانكاری لە پێڕەوی ناوخۆ دەكات بەجۆرێك بگوجێنرێت لەگەڵ ناوەڕۆكی یاساكە، چونكە دەرچوواندنی بڕیار لە ناو دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەبێت بە سازان بێت.

هومام حەموودی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان رای گەیاند، دەبێت هەموو ئەو ئیمتیازانەی دەدرێن بە ئەندامانی پەرلەمان، لە یاساكەدا دەبێت لابدرێن.

پرسی ئیمتیازەكانی ئەندامانی پەرلەمان، لە كاتێكدایە ساڵی 2015 حەیدەر عەبادی كۆمەڵێك چاكسازی راگەیاند، لەوانە كەمكردنەوەی مووچەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەشت ملیۆن و جێگرانیشی بۆ شەش ملیۆن، هەروەها كەمكردنەوەی مووچەی ئەندامانی پەرلەمان لە 12ملیۆنەوە بۆ پێنج ملیۆن.

حەسەن سالم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان دەڵێ یاسا نوێیەكە پێنج ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ بۆ سەرۆكی پەرلەمان و سێ ئۆتۆمبێلیش بۆ جێگرانی دابین دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو كە لە پڕۆژەكەدا ئەوە خراوەتە ڕوو ئەگەر ئەندامێكی پەرلەمان نەخۆش بكەوێت، ئەوا پەرلەمان خەرجی چاكبوونەوەی لە ئەستۆ دەگرێت ئەگەر لەناو عێراق چارەسەری هەبوو، ئەگەریش نەبوو، ئەوا لەسەر حیسابی پەرلەمان لە دەرەوەی عێراق چارەسەر دەكرێت.
 
سەرچاوە/ مەدا


وشە - فه‌رمان سادق