پێدانی كارتی نیشتمانی دەستی پێ‌ كردەوە

:: PM:09:13:12/03/2018 ‌

دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق سەرجەم جۆرەكانی تۆڕی ناردنی كۆدی كارتی نیشتمانی لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەسەرجەم شارەكان ڕاگرتبوو ئەمڕۆ تۆڕەكان كەوتنەوە كار و كاروباری بەشێك لە هاووڵاتییان دەستی پێ كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 12ـی ئادار، سەمیر سەعید ئەفسەری كارتی نیشتمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر ئەمڕۆ ناردنەوەی كۆدی كارتی نیشتمانی لەلایەن بەغداوە بۆ هاووڵاتییان دەستی پێ كردەوە.

ئەو ئەفسەرە زیاتر گوتی، ئەمڕۆ سەعات 11 كۆدمان بۆ گەڕاوەتەوە دوای 41 ڕۆژ لە وەستانی، بۆیە لە ئێستە لەسەرجەم بنكەكانی تۆمار و دەرهێنانی كارتی نیشتمانی مامەڵەیەكی زۆری هاووڵاتییان وەستاوە و بەیانی خشتەیەك بڵاو دەكەینەوە كە ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەكانیان پێشكەش كردووە بە گوێرەی ئەو خشتەیەی بڵاوی دەكەینەوە سەردانمان بكەن تاوەكو بارگرانی لەسەر كەس دروست نەبێت.

ئاشكرای كرد كە هاووڵاتییەكی زۆر مامەڵەكانیان لەسەر كارتی نیشتمانی وەستاوە وەك دەرهێنانی پاسپۆڕت و بەناوی كردنی ئۆتۆمبێل و مامەڵەی دەرهێنانی مۆڵەتی پیشەیی.

بە بێ‌ هیچ ڕوونكردنەوەیەك حكوومەتی عێراق ماوە ماوە كارتی نیشتمانی لەسەر هەرێمی كوردستان ڕادەگرێت كە لە داهاتوودا ئەو كارەتە شوێنی ناسنامە و ڕەگەزنامە و پشتگیری نیشتەجێبوون دەگرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد