دوای ئاشكراكردنی مۆڵەتی چەند كۆمپانیایەكی سلێمانی دەكرێت

:: PM:02:42:13/03/2018 ‌

ئەندامان و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، داوای ڕوونكردنەوە دەكەن لەسەر مۆڵەتی ئەو كۆمپانیایانەی كە پارە كۆ دەكەنەوە لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی لە وەزارەتی دارایی.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی ئادار، ئازاد حەمەئەمین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند، نووسراوێكمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە تا پێداچوونەوە بە كۆی ئەو مۆڵەتانەدا بكات كە رێی بە كۆمپانیاكان داوە بۆ وەرگرتنی پارە، هەروەها رێنوێنی تەواویش لەگەڵ ئەو مۆڵەتانەدا بڵاو بكرێتەوە بۆ ئەوەی وەرگرتنی پارە بە لاڕێدا نەبرێت و یاسایی بێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، داوا لە وەزارەتی دارایی دەكەین كە حكوومەت سوود لەو سەرچاوە دارایییە وەربگرێت كە لە رێی وەرگرتنی پارە لە خاڵە سنوورییەكان بەدەست دێت.

ئاشكرای كرد كە دوای 47 رۆژی تر چوار ساڵی خولەكەی خۆمان تەواو دەكەین كە لە ڕێكەوتی 30 نیسانی ساڵ 2014 هەڵبژاردنی پارێزگاكان كراوە، بۆیە داوا لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەین كە ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی خولی دوای ئێمە لە كات و ساتی خۆیدا، ئومێد دەكەین هەڵبژارنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت.

حەمە ئەمین ئاشكرای كرد كە دوای تەواوبوونی ئەم خولەی بۆمان هەیە تەنیا 90 رۆژ وەك كاربەڕێكەر درێژە بە كارەكانی خۆمان بدەین، دواتر كاتی یاساییمان بەسەر دەچێت.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تا ئێستە 46 دانیشتنی ئاسایی ئەنجام داوە و لە ڕابردووشدا بەهۆی ململانێی نێوان یەكێتی و گۆڕان، ئەو ئەنجوومەنە بۆ ماوەی چەندان مانگ پێك نەهێنرا.



وشە - رامیار جەواد