بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی نەگۆڕاون

:: PM:02:25:14/03/2018 ‌

هەریەك لە وەزیرانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوخۆی عێراق، دووپاتیان لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمڕۆ گەشتەكان دەستیان پێ كردەوە و هیچ گۆڕانكارییەكیش لە بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكان نەكراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی ئادار، كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی  ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هیوادارین تەواوی كێشەكان چارەسەر بكەین و دەستوور دەكەین بنەمای چارەسەری كێشەكان لەگەڵ عێراق.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان گوتی، سوپاسی وەزیری ناوخۆی عێراق دەكەم لەگەڵ سەرجەم ئەو كەسانەی هاوكار بوون لە چارەسەرەی كێشەكان، ئەو هەنگاوە بۆ چارەسەری كێشەكان گرنگە.

سنجاری ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ گەشتی فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی كرایەوە، سوپاسی ئەو كەسانە دەكەین یارمەتیدەرن، هەروەها گۆڕینی بەڕێوەبەرەكان و ڕاگرتنی فڕۆكەخانەكان بۆ سێ‌ مانگی تر دوورە لە ڕاستی، ئەو كەسانەی لە دەرەوەی عێراقن ئێستە دەتوانن گەشتەكانیان بكەن بەبێ‌ هیچ كێشەیەك. ڕۆژی یەكشەم بەرپرسانی هونەری دێنە فڕۆكەخانەكان.

قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق لەو كۆنگرەیە گوتی، ئێمە دەمانەوێت هەموو كێشەكان بەڕێی دەستوور چارەسەر بكرێن و هیچ كێشەیەك نەمێنێت، بۆیە هیوادارین لەسەر سەرجەم كێشەكان بگەین بە چارەسەری كۆتا.

ماوەی پێنج مانگ زیاترە گەشتی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان وەستاوە بەهۆی چەند بڕیارێك دژی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە.
رامیار 



وشە - رامیار جەواد