دیارترین داهێنان و دۆزینەوەكانی ستیفن هۆكینگ

:: AM:11:09:15/03/2018 ‌


دوێنێ چوارشەم 14ی ئادار، دنیا ماڵئاوایی لە یەكێك لە ناودارترین زانای بواری فیزیا كرد كە زۆرترین كاریگەری و داهێنان و دۆزینەوەی هەبووە، ستیفن هۆكینگ زانای بەناوبانگی بەریتانی لە تەمەنی 76 ساڵیدا گیانی لە دەست دا.

هۆكینگ لە تەمەنی 21 ساڵی و لە ساڵی 1963 تووشی نەخۆشیی "Amyotrophic lateral sclerosis"، كە بە كورتی بە "ALS" ناسراوە، نەخۆشیی داخوران و پووكانەوەی بەشێك لە دەمارەخانەكانی مێشك و دڕكەپەتكە، ئەو دەمارەخانانەش بەرپرسن لە چالاكیی ماسولكەكان، بۆیە لەگەڵ تێپەڕینی كات ماسولكەی زیاتر و زیاتر لەكاردەكەون.
نەخۆشییەكە بەردەوام بەرەوپێش دەچێ و لەگەڵ تێپەڕینی كات خانەی دەماریی زیاتر و سەرەنجام ماسولكەی زیاتر پەكدەخات. ئیدی خانە دەمارییەكان ناتوانن ماسولكەكان بخەنەكار یان كۆنترۆڵیان بكەن، بۆیە كەسەكە وردە وردە تواناكانی لەدەستدەدات، هەر لە جموجووڵی جەستە، تاوەكوو خواردن، قسەكردن، هاتووچۆ و لەكۆتاییدا هەناسەدانیش.
 هۆكینگ لەبارەی نەخۆشییەكەی خۆی لە ماڵپەڕی خۆی دەڵێ ئەوەندەی بتوانم هەوڵدەدەم ژیانێكی ئاسایی بژیم، بیریش لە نەخۆشییەكەم ناكەمەوە، بیر لەوەش ناكەمەوە ئەم نەخۆشییە رێگەی چیم لێدەگرێ و وا هەستناكەم رێگەی زۆر شتی لێگرتبم.
بە گەشبینییەوە دەڵێ "من لەوەدا خۆشبەخت بووم كە نەخۆشییەكەم لەوە هێواشتر پەرەیسەند كە پێشبینیدەكرێ. نابێ هیچ كەس هیوا لەدەستبدات".

بەڵام هۆكینگ كۆڵی نەدا و خۆیشی رادەستی نەخۆشییەكەی نەكرد و بەردەوام بوو لەسەر داهێنان و ئەفراندنە زانستەكانی بۆ خەڵك، بەمەش ستیفن بووە یەكێك لە ناودارترین زاناكانی دنیا لە بواری كێشكردن و كونە رەشەكان.

هۆكینگ لە 1942 لە ئۆكسفۆردی ئینگلتەرا لە دایك بووە و لە منداڵییەوە ئەو نەخۆشییەی لەگەڵدایە و ژیانێكی پڕ ئێش و ئازاری بەڕێ كردووە، سەرەڕای ئەوەیش بە یەكێك لە مەزنترین زاناكانی دنیا دادەنرێت، كە زۆر زانیاری نوێ و داهێنانی لە بواری فیزیا هێنایە دی.

لە 1963 و لە تەمەنی 11 ساڵی نەخۆشییەكەی زیاتر دەركەوت و پزیشكان تەنیا دوو ساڵیان بۆ دانا تا لە ژیان بمێنێتەوە، بەڵام دواتر هاتە دەرەوە و بە گۆچان و كورسیی كەمئەندامان بەردەوام بوو لە ژیان و لە بواری فیزیا قووڵ بووەوە و چەندان كتێبی لەوبارەوە نووسی.

بەناوبانگترین كتێبی هاوكینگ "دیزاینی گەورە" بوو كە لە سەرانسەری دنیا دەنگدانەوەیەكی زۆری دروست كرد، چونكە ئەو بەدوای ماهییەتی بوون و وەڵامی ئەو پرسیارە گەڕاوە كە مرۆڤ چۆن دروست بوو، بە بەهێزترین بیردۆز دادەنرێ دوای كارەكانی چارلس داروین.

دیارترین داهێنان و دۆزینەوەکانی هۆكینگ
-    كونە رەشەكان
هۆكینگ ساڵی 1971 بە هاوكاری لەگەڵ رۆجەر نبروز زانای بیركاری، بیردۆزێكی بیركارییانەیان ئاشكرا كرد لەسەر بنەمای "رێژەی گشتی"ی ئەنشتاین، سەلماندیان كە كونە رەشەكان یان ئەستێرە رژاوەكان بەهۆی كێشكردنەوە روو دەدەن و دۆخێكی تاكڕەوییە لە گەردوون، بەو مانایەی "ئەوە رووداوێكە خاڵی دەستپێكی هەیە".

هۆكینگ كاتێك ساڵی رابردوو لە دیمانەیەكی لەگەڵ "بی بی سی" دەڵێ دیارترین داهێنان و دەستكەوتەكانی ئەوەیە كە سەلماندوویەتی كونە رەشەكان بە شێوەیەكی دروست رەش نین، ئەمەش شتێكی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی چارەسەركردنی دژیەك لە نێوان میكانیكی بڕ و بیردۆزی رێژەی گشتی.

-    تیشكەكانی هۆكینگ
ساڵی 1974 هۆكینگ سەلماندی كە بیردۆزی كونە رەشەكان تیشكێك دەردەكەن، ئەمەش پێچەوانەی هەموو بیردۆزەكانی پێش خۆی بوو.

وەك رێزلێگرتنێك بۆ هەوڵەكان و دۆزینەوە گرنگەكانی، ئەو بیردۆزەیان ناو نا "تیشكەكانی هۆكینگ"، پشتی بە تیۆرەكانی میكانیكی چەندێتی و رێساكانی دینامیكی گەرمی بەست.

-    رەخنەگرتن لە بیردۆزی تەقینەوە زەبەلاحەكە
هۆكینگ لەگەڵ جیم هارتل یاریدەدەری لە زانكۆی كالیفۆرنیا بیردۆزی بێ سنووری گەردوونیان پێشخست، بەمەش تێگەیشتنی كۆن لەسەر كاتی تەقینەوە زەبەلاحەكە و پێشبینیكردنی گەشەسەندنی گەردوون گۆڕانكاری بەسەردا هات.

هۆكینگ دركی بەوە كرد كە تەقینەوە زەبەلاحەكە لە داڕمانی كونە رەشەكان دەچێت بە ئاراستەی پێچەوانە، ئەو بیردۆزەی سەرەڕای گرنگییەكەی، بەڵام هێشتا جێی گەنگەشەیەكی گەورەیە لە ناو زانایانی فیزیا.

هۆكینگ ساڵی 1988 كتێبی "پوختەیەك لە مێژووی كات"ی بڵاو كردەوە كە بووە یەكێك لە پڕ فرۆشترین كتێب و بەناوبانگترین، بەهۆی باوەڕی هۆكینگ كە هەموو كەسێك ئەگەر زاناش نەبێت، دەبێت بنەماكانی گەردوون بزانێت، لەم كتێبەدا هەموو بیردۆزەكانی وا شی كردەوە و بە زمانێكی سادەی نووسی تا هەموو كەسێك لێی تێ بگات.

-    پێشخستنی بیردۆزی گەردوونناسی
ساڵی 2001، هۆكینگ كتێبی "گەردوون بە پوختی" دواتر ساڵی 2005 كۆپییەكی نوێتری لە كتێبی "پوختەیەك لە مێژووی كات" دەركرد بە ناونیشانی "كورترین مێژوو بۆ كات"، لەو كتێبەدا هەوڵی ساناتركردنەوەی چەمك و بیردۆزەكانی داوە تا ساناتر خەڵك لێی تێ بگەن.

هۆكینگ بەوە نەوەستاوە، هەوڵی پێشخستنی بیردۆزەكانی خۆی داوە كە پێوەندارە بە گەردوون و سەرەتای ژیان لەسەر رووی زەوی، ئەندازیاری ناوەكی گەردوون، بۆ ئەمەش ساڵی 2009 كتێبێكی بە ناونیشانی "دیزاینی گەورە" چاپ كرد كە هەموو بیردۆزەكان و دۆزینەوەکانی خۆی لەوێدا كۆ كردەوە.

ئەگەرچی بەشێك لە بیردۆزەكانی لەلایەن زانایان رەخنەی لێ گیرا كە ئەمە پرسێكی ئاسایییە لە دنیای دۆزینەوە و تاقیكردنەوە زانستییەكان، بەڵام زۆرینەیان لەسەر ئەوە كۆكن كە گرنگترین بیردۆزەكانی ستیفن هۆكینگ بۆ بیردۆزی رێژەی گشتی، بیردۆزی چەندێتی، دینامیكی گەرمی، بیردۆزی زانیاری بە رێی توێژینەوە لە كونە رەشەكان دەگەڕێتەوە.

سەرچاوە/ شەرق ئەوسەت



وشە - فه‌رمان سادق