وەزارەتی پەروەردە 12 بەرپرسی سلێمانی دەگۆڕێت

:: PM:01:36:15/03/2018 ‌

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری گۆڕانكاری 12 بەڕێوەبەری پەروەردەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و یەكەی كارگێڕیی گەرمیان و ڕاپەرینی دەركردووە و هەفتەی داهاتوویش بە فەرمی وردەكارییەكانی دەخرێتە ڕوو و جێبەجێ دەكرێت.

عەبدوڕەحمان عەلی ڕەزا پەرلەمانتاری كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان و وەزیری پەروەردە بەشدار بووین، وەزیری پەروەردە دووپاتی لەوە كردەوە كە لەم هەفتەیە گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەكان دەست پێ دەكەن.

زیاتر گوتی، وەزیری پەروەردە ئاشكرای كرد كە بەڕێوەبەری پەروەردەی هەر شار و ناوچەیەك نابێ زیاتر لە هەشت ساڵ لە پۆستەكە بمێنێتەوە، ئەوانەیشی لەو ماوەیە زیاترە لەو پۆستانەدان، دێنە گۆڕین.

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" بڕیاری گۆڕانكاری پۆستی بەڕێوەبەری 12 پەروەردەی سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین دراوە، كە پەروەردەكانی "پێنجوێن، دووكان، دەربەندیخان، شارباژێر، شارەزوور، ڕانیە و پشدەر" لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانە دەبن.

شۆڕش غەفووری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی وردەكاری گۆڕانكارییەكان بە وردی دەخرێنە ڕوو.

سلێمانی/هەستیار.



وشە - باز ئه‌حمه‌د