درەنگانی شەوی ڕابردوو، شەپۆلێكی گەورەی تەرزەبارین سنووری شارۆكەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆكی گرتەوە و دووبارە زستانی بۆ ناوچەكە گەڕاندەوە.
ئەو شەپۆلی تەرزە بارینە گوندەكانی دەڤەری بەرواری باڵا و كانی ماسێ و چەند گوندێكی سنووری شیلادزێی گرتووەتەوە، كاریگەری لەسەر بەروبوومی كشتوكاڵی و درەختی بەرداری باخی ناوچەكە داناوە.
هاووڵاتییانی ناوچەكە هێما بۆ ئەوە دەكەن، دوێنێ بەیانی بەهارێكی نوێ و زۆر دڵگیر بوو، بەڵام شەو بووەوە زستان و خەڵك بە خێرایی خۆیان گەیاندەوە ماڵەكان و تەرزەكە قەبارەی گەورە بوو و هەمووانی تووشی شۆك كرد، جیا لەوەیش بایەكی زۆری ساردی لەگەڵ بوو و كەس نەیدەتوانی خۆی لەبەر بگرێت.
ئامێدی یەكێكە لە ناوچە ساردەكانی كوردستان و ناوچەیەكی شاخاوییە و ساڵانە زیاتر لە مەترێك بەفر لەكاتی زستان لەو ناوچەیە دەبارێ و سەر بە پارێزگای دهۆكە و زیاتر لە هەزار و 300 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
ئامێدی/نەوزاد هلۆری.