خولی ئیسپانیا.. ئەمڕۆ بەرشەلۆنە و ئەتلەتیك بیلباو یاری دەكەن

:: AM:10:51:18/03/2018 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 29ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداری یانەی ئەتلەتیك بیلباو دەكات، یارییەكەش سەعات 6:15ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

یانەی بەرشەلۆنە بەو ئامانجە دێتە ناو یاریگە سەركەوتن و 3 خاڵی تەواوی یارییەكە بەدەست بێنێ تا پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا قایمتر بكات، ورەی یاریزانانی یانەكەش لەوپەڕی بەرزیدایە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە 3 گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی چێڵسی ئینگلیزییان بردەوە و خۆیان گەیاندە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

دوایین یاریی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی مەلەگە بوو كە تێیدا بە 2 گۆڵی بێ بەرامبەر سەركەوتنیان بەدەستهێنابوو، یانەكە ئێستا بە كۆكردنەوەی 72 خاڵ لە پێشەنگی یانەكانی خولەكەدایە.

لە لایەكی تریشدا یانەی ئەتلەتیك بیلباو كە لە ریزبەندی 12ی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت بە كۆكردنەوەی 35 خاڵ، یانەكە لە دوایین یارییدا هەفتەی رابردوو لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی ئەوروپا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی مارسیلیای فڕەنسی دۆڕا بوو.

یانەی بەرشەلۆنە لە 8 یاریی رابردوویدا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو لە خولی ئیسپانیا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و لە 6 یاریشدا گۆڵی یانەكەی بە خاوێنی بەرامبەر ئەو یانەیە راگرتووە.

یانەی ئەتلەتیك بیلباو لە مێژووی خولی ئیسپانیادا تا ئێستا زۆرترین یاریی بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە دۆڕاندووە كە 60 یارییە و لەبەرامبەریشدا 17 یاری بردووەتەوە و لە 9 یاریشدا یەكسان بووە، ئەمە لە كۆی 86 رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانەكە لەنێو یاریگەی كامپ نوو.

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنە لە 18 یاریی رابردوویدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو تا ئێستا 16 گۆڵی تۆمار كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م