هاتوچۆی هەولێر ڕێی سەیرانگەكان ڕێك دەخات

:: PM:05:48:18/03/2018 ‌

بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات بەمەبەستی ڕێكخستنی ڕێگەكانی چوون بۆ سەیرانگەكان پلانێكی تایبەت دانراوە بۆ شوفێران بۆ ئەوەی جەنجاڵی دروست نەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی ئادار، ڕائید فازڵ حاجی حسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پلانی جەژنی نەورۆز دانراوە لەلایەن هاتوچۆی هەولێر بەمەبەستی ڕێكخستنی ڕێگەكانی دەرەوەی شار و هاتنەوە ناو شار بۆ هاووڵاتییان و شوفێران.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، سبەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ هاووڵاتییان پلانەكەمان ئاشكرا دەكەین.

ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بەمەبەستی ڕێكخستنی سیستەمی هاتوچۆ لە ڕۆژانی نەورۆزدا پلانێك دەخاتەڕوو كە ئەگەر شۆفێر پابەندی ئەو پلانە نەبێ‌ سزا دەدرێت.

ساڵی ڕابردوو بە پێی پلانی هاتوچۆ شەقامی سەرەكی هەولێر - كۆیە لە ڕێگەی دەربەندی گۆمەسپانەوە تەنیا دەبوو بە چوون لەدوای سەعات چوار و ڕێگەی هەولێر – پیرمام دەبوو بە هاتنەوە.

شاری هەولێر ساڵانە لە جەژنی نەورۆز گەشتیارێكی زۆر ڕووی تێدەكات و بۆ ئەمساڵیش پێشبینی هاتنی گەشتیارێكی زۆر دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد