تەرمێك لەسەر رێگەی سەرەكیی بەردەڕەش دۆزرایەوە

:: AM:12:04:19/03/2018 ‌

ئەمشەو تەرمی هاووڵاتییەك بە كوژراوی لەسەر رێگەی سەرەكیی شارۆكەی بەردەڕەش و شارەدیێ روڤیا دۆزرایەوە.

سەباح زوهێر، لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئاكرێ بە "وشە"ی راگەیاند، كەمێك پێش ئێستە تەرمی كەسێك لەسەر رێگەی گشتیی نێوان شارۆكەی بەردەڕەش و شارەدیێ روڤیا دۆزرایەوە.

زیاتر گوتی، قوربانییەكە ناوی (ئەحمەد سلێمانە) و تەمەنی 68 ساڵە و خەڵكی كومەڵگەی دومیزی سەر بە شاری دهۆكە و شوفێرێكی ئۆتۆمبێل ئەوی كوشتووە و رای كردووە و تا ئێستە نەگیراوە و پۆلیسی ناوچەكە دەستی بە بەدواداچوون لەسەر ئەو رووداوە كردووە و ئێستە تەرمی ئەو كەسە لە نەخۆشخانەی گوڵانی شارۆكەی ئاكرێیە و لەوێ بۆ نەخۆشخانەی دادی دهۆك رەوانە دەكرێت.

ئەمە دەبێتە دووەم رووداوی كوشتن و خۆكوشتن لە سنووری پارێزگەی دهۆك و دوێنێش سێ كەسی تر بە هۆكاری تر كوژراون.

بەردەرەش/ نەوزاد هلۆری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل