مادەی هۆشبەر هەڕەشە لە سلێمانی دەكات

:: PM:05:08:19/03/2018 ‌
تا دێت مەترسیی بەكارهێنان و بازرگانیی مادە هۆشبەرەكان لە شاری سلێمانی زیاتر دەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئادار/ مارس، هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی سێ كەسیان بە تۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر گرت.

سەردار محەمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سێ كەس بەتۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی گیراون، دووان لەوانەیش ژن و مێردن.

زیاتر گوتی، یەكێك لەوانەی كە گیراوە پێشتر لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی لەسەر هەمان بابەت زیندانی بووە و بازرگانی مادەی هۆشبەرە و لە كاتی گرتنی 14 پارچە حەبی ترامادۆڵ و بڕێك حەشیش و هەشت شیش كریستاڵی پێ بووە.

هاوكات بەپێی ئەو ئامارانەی "وشە" لە ئاسایشی سلێمانییەوە دەستی كەوتووە، ئاشكرا كراوە كە  لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێزەكانیان لە ناو شاری سلێمانی ژمارەیەك هاووڵاتییان بە تاوانی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر گرتووە و لەو ماوەیەشدا توانیویانە 10 كەس بە تاوانی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بگرن.

هەر بەپێی ئامارەكان، لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا 190 كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر گیراون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم