بەوێنە.. فێستڤاڵێكی كولتووری بەڕێوە چوو

:: PM:04:57:28/03/2018 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم لە دۆڵی ڕووستی دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، فێستیڤاڵێكی كولتووری هونەری بە ئامادەبوونی دانیشتووانی گوندەكان و چین و توێژەكانی دەڤەرەكە بەڕێوە چوو.

فەیسەڵ ئاڵانی بەڕێوەبەری شارەدێی سمیلان سەر بە شارۆكەی چۆمان بە "وشە"ی راگەیاند، قوتابخانەی قەڵاتی بنەڕەتی كچان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێكە، فێستیڤاڵێكی كولتووری ئەنجام دا كە تیایدا هەرچی كولتووری كۆنی باب و باپیران و بەكارهاتووی ساڵانی رابردوو بوو بە بەشداربووانی ڤێستیڤاڵەكە نمایش كران.

بەڕێوەبەری شارەدێی سمیلان ئاشكرای كرد، بەهۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافیای دەڤەری باڵەكایەتی ئەو كەلوپەلانەی لە كۆنەوە بەكار هاتوون، ئێستەش لە زۆربەی شوێنەكان هاووڵاتییان بەكاری دەهێنن، بۆیە بە پێویستیمان زانی لەو فێستیڤاڵە ئامێرەكانی وەك مەلەغان، شەنە، داس ، بیور، گاجووت ئەو ئامێرەی كە زەوی بە گا دەكێڵێت و زۆر كاری تر نمایشی بكەینەوە.

هاوكات لەو فێستیڤاڵەدا، رەشماڵی  كۆن و  كەلوپەلی دەستی وەك شانەی مووی ئاژەڵ و حەیوان، دەستاڕ، مەشكە، تەشی، لەگەڵ ئەویشدا چەندان جۆری خواردن و خواردنەوەی كۆنی فۆلكلۆری  نمایش كرا.

سمیلان/ موڕشید برادۆستی















وشە - سه‌رخێڵ هاشم