ماڵئاوایی لە سوپای عێراق كرا.. بۆچی یاسای حەشدی شەعبی لەو كاتە؟

:: PM:03:24:27/11/2016 ‌

لابردنی بەربەستی سوپای عێراق هەنگاوێكی پێویستە بۆ سەرخستنی پرۆگرامی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراقی، لەو ناوەش هەڵوەشاندنەوەی یاسای خزمەتی سەربازی بەزۆر یەكێكە لە گرنگترین بڕیارەكانی عێراقی نوێ، بۆیە ئەگەر كورد پێشمەرگەی هەبێت وەك هێزێكی فەرمی و پارتە شیعەكانیش حەشدی شەعبییان دروست كرد و كردیان بەفەرمی، بۆیە بۆ تەواوكردنی دیمەنەكە پێویستە عەرەبی سوننەش گرووپی چەكداری خۆیان دامەزرێنن، ئەوكاتیش بەیەكجاری بڵێین ماڵئاوا لە سوپای عێراق.  

فاڕووق یوسف نووسەری عێراقی لەوبارەوە دەڵێت كە  ئەوكات بیرۆكەكە ئەوەبوو كە سوپایەكی نوێ بێتە دامەزراندن كە بێ لایەن و نیشتمانی بێت، هاوكات ئەو بیرۆكە گومڕابوون بوو لە وڵاتێك كە بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵانە بەرەو دووبەرەكی تایفیەت پاڵ نرا. 

بەپێی ئەو نووسەرە عێراقییەكان بەهۆی نەهامەتییەكانی پێشتر لە كوژرانی رۆڵەكانیان لە كاتی جەنگەكانی عێراق بینییان، پێشوازییان لەوە كرد كە چیتر كوڕەكانیان بەزۆر نەكرێنە سەرباز، بەڵكو چیتر ئاهەنگگێڕان بە دامەزراندنی سوپای عێراق خەڵك بۆ خۆی راناكێشێت كە نیشانەی یەكپارچەیی نیشتمانی عێراق بوو، بۆیە ئێستە ئەو سوپایە بە مەبەست نەماوە.

بۆیە بەئەمری واقیع و وەك بەدیلێكی كردەنی بۆ سوپایەكی نوێی عێراقی، دەست كرا بە دامەزراندنی میلیشیایەكی تایفەگەری لەسەر شێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی كە ئەركی سەرەكی رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێكە لەدژی رژێمی فەرمانڕەوایی ئێستەی عێراق كە تەواو لە ناوەندی ناوچەكە و دنیادا دابڕاوە.

بۆیە ئەگەر كورد هێزی چەكداری خۆیان بەناوی پێشمەرگە هەبێت و وەك هێزێكی فەرمی بەسەر دەوڵەتی عێراقی بسەپێنن، هەروەها پارتە شیعەكان كە زیاتر لە 10 ساڵە فەرمانڕەوایی عێراق دەكەن هەوڵیان دا هەمان شت بكەن و میلیشیای حەشدی شەعبییان دروست كرد و كردیان بە فەرمی، بۆیە تا دیمەنەكە تەواو بێت، وا پێویست دەكات كە عەرەبی سوننەش گرووپی چەكداری خۆیان دامەزرێنن و بیكەن بە فەرمی و ئەوكات بەفەرمی ماڵئاوا لە سوپای عێراق بكەین. 

لای خۆیەوە عەبدولجەبار جبووری نووسەری عێراقی لەوبارەوە دەڵێت كە بەدەنگدانی پەرلەمان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی، عێراق بەفەرمی بووە دەوڵەتی میلیشیاكان كە دەسەڵاتی یاسا هەڵدەوەشێننەوە و دەسەڵاتی تایفەگەری دەچەسپێنن، ئەوەش دوای فەرامۆشكردنی هەموو دەنگەكانی تری سوننە و كورد و تەنانەت حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش. 

بەبۆچوونی جبووری دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی، دوا بزمار بوو لە تابووتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كە هەموو هەوڵە مێژوویییەكانی یەكلاكردنەوە و ئاشتەوایی هەرەس پێ هێنا كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكرد و عەماڕ حەكیمی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی جێبەجێی دەكرد.

جبووری دەڵێت كە ئەوەی لێی ناڕازین لەو یاسایە، مەترسی حەشدی شەعبییە كە ئێران وەك كڕۆكی سوپای پاسدارانی عێراق و بەرایییەكانی سوپای شیعەی ئێرانییە لە ناوچەكە دایمەزراندووە، ئەوەش عێراق دەخاتە ناو جەنگێكی گەروەی تایفەیییەوە، بۆیە وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر دروستبوونی ئەو سوپایە خراپتر لە داعش دروست دەبێت، بەتایبەتی مادەی چواری یاساكەی كە رێگەی پێ دەدات سەربازانە بجووڵێنەوە لە هەر ناوچەیەك بۆ پاراستنی حكوومەت و رژێمی فەرمانڕەوایی، تەنانەت لە دژی خۆپێشاندانی ئاشتییانەش، بێجگە لە فەراهەمكردنی پارێزبەندی بۆیان. 

یاسای حەشدی شەعبی دەستپێكی سەدەیەكی تری تایفەیییە لە عێراق كە نووری مالیكی پلانی بۆ داڕشت و رێگەی بۆ خۆش كرد كە دەوڵەتی ژێرەوەی خۆی لە عێراق لە پشت پەردەوە بەڕێوە دەبات و هەمیشە دووبارەی دەكاتەوە كە ئەو حەشدی شەعبی دامەزراندووە، ئەوەش وەك رێخۆشكردنی راگەیاندنی وەك هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی كە لە رووی سەربازی و ئاینییەوە بە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران پێوەست دەبێت. 

لێرە ئاماژە بەشتێكی گرنگ دەكەین كە لەبەر دوو هۆكار یاسای حەشدی شەعبی لە ئێستەدا خرایە جێبەجێكردن، یەكەمیان دەستپێشخەرییەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی و عەماڕ حەكیم بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی، دووەمیان دەستپێشخەرییان كرد بەر لە هاتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات بۆ پێشاندانی نیازپاكییان وەك ئیسلامی سیاسی و پێشاندانی خۆیان وەك نوێنەرانی دیموكراتی، لەو كاتەی كە ترەمپ رای گەیاندووە كە كار بۆ لادانی سەرانی ئیسلامی سیاسی لە عێراق دەكات.

بۆیە ئەوان دەستیان پێش خست و هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی دەستپێشخەری ئاشتەوایی یاسای حەشدی شەعبییان تێپەڕ كرد، واتە شیعەی عێراق دەیانەوێ درۆی یەكلاكردنەوەی مێژوویی و ئاشتەوایی نیشتمانی بەسەر ترەمپ و گەلی عێراق و چینی فاشیلی سیاسی تێپەڕێنن، هاوكات یاسای حەشدی شەعبی وەك شوێنگرەوەیەك بۆ سوپای عێراق پەسند بكەن، كە ئەوەش یارییەكی ئاشكرایە.

جبووری لە كۆتادا دەڵێت كە وای دەبینم دەنگدان لەسەر حەشدی شەعبی بنیاتنانە بۆ قۆناغێكی نوێ لە جەنگی تایفیی كە تەنیا تۆڵەسەندنەوە بیانكوژێنێتەوە، لەو كاتەی گەلی عێراق بەرگەی زیاتری نەماوە.

دوێنێ پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی كە لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانی خرابووە روو و چەند مانگێكە مشتومڕی لەسەرە، پەسند كرد، دوای دەنگدانەكە سوننە یاساكەیان رەت كردەوە و تەنانەت پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانیشیان رەت كردەوە كە هاوپەیمانی نیشتمانی بەنیازە بۆ دوای داعش بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەستی پێ بكات. 

سەرچاوە: میدڵ ئیست ئۆنلاین


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل