كەركووك.. لەناو كەمپی ئاوارەكاندا دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر ژنان

:: PM:10:26:11/04/2018 ‌
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری ژن و منداڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای دەكات كە چەندان حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنان لە كەمپی ئاوارەكاندا رووی داوە.

جوان حەسەن، ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە لیژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری ژن و منداڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك چاودێری بوونی چەندان حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنە ئاوارەكان لە كەمپەكانی پارێزگاكە كردووە. 

زیاتر گوتی، لە نێوان ئەو حاڵەتانە دەستدرێژی لەناو خێزاندا هەبووە، جیا لە بوونی حاڵەتی دەستدرێژی لە نێوان ئاوارەكان خۆیان كە هەندێكیان بە هاوسەرگیری كۆتایی هاتووە و هەندێكی تری خێزانەكان دەركراون یان دەستدرێژیكار گیراوە.

حەسەن دووپاتی كردەوە كە زانیاریمان پێ گەیشتووە كە هەروەها بەشێك لە كارمەندانی تەناهی لەو كەمپانە دەستدرێژیان كردووەتە سەر ژنانی ئاوارە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوە نەتوانراوە بەفەرمی سكاڵا لەلایەن ئەو ژنانەوە تۆمار بكرێت لە ترسی ئابڕووچوونیان.

ئاماژەی كرد، لیژنەكەیان داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كە راستەوخۆ بێتە ناو پرسەكەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی كۆمەڵایەتی و ئاوارەیی لەناو كەمپەكان ژنان ناتوانن سكاڵا بكەن، چونكە دووچاری ئابڕووچوون دەبنەوە لەبری دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانیان. بۆیە ئەو بێدەنگییەی ئەوان دۆخەكەی خراپتر كردووە و حاڵەتەكەی زیاتر كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل