باران و توانەوەی بەفر ئاستی ئاوی رووبارەكانی دهۆكی بەرز كردووەتەوە

:: PM:12:04:16/04/2018 ‌

بەهۆی بارینی باران و توانەوەی بەفر، ئاستی ئاوی رووبارەكانی سنووری پارێزگای دهۆك بەرز بووەتەوە و ئاستی بەشێك لەو رووبارانە لە ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

خەمرەڤین تەیرو لە فەرمانگەی ئاودێری ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی توانەوەی بەفر لەسەر چیاكانی نێوان باكوری كوردستان و هەرێمی كوردستان و بارینی باران لە چەند ناوچەیەكی دەڤەری ئامێدی، ئاستی ئاوی رووبارەكان بەرز بووەتەوە.

ئەو گوتی "ئاستی ئاوی رووباری زێی‌ گەورە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرز بووەتەوە، بە شێوەیەك ئەمساڵ گەیشتووەتە 2،58مەتر، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو دوو مەتر بوو، هەروەها ئاستی رووباری ئاڤاشین گەیشتە 2،40 مەتر لە كاتێكدا ساڵی رابردوو گەیشتبووە 2،30 مەتر. رووبارەكانی تری پارێزگای دهۆك بەرز بوونەتەوە.

هاشم یەحیا بەرپرسی فەرمانگەی كەشناسی ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، زۆرترین بڕی بارینی باران لە سنووری شارۆكەی ئامێدی لەمساڵدا گەیشتووەتە 752 ملم لە كاتێكدا ساڵی رابردوو 429 ملم باران باریوە.

ئەو گوتی بارینی باران و بەفرێكی زۆر لە سنووری شارۆكەی ئامێدی، كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەكان كردووە، هەروەها توانەوەی بەفر لە چیاكانی سنووری نێوان باكوری كوردستان و هەرێمی كوردستانیش، كاریگەری لەسەر ئاستی ئاوی رووبارەكان كردووە كە ئەمەش شتێكی دڵخوشكەرە.

لە پارێزگای دهۆك هەریەك لە رووبارەكانی ئاڤا شین، زێی گەورە، خاپوور و چەند لقی رووباری تر هەن و كە لە باكوری كوردستانەوە سەرچاوە دەگرن.

وشە/ نەوزاد هلۆری



وشە - سلێمان تاشان