چاكسازی لە لیستی بەركەوتووانی چەكی كیمیای دەكرێت

:: PM:07:46:16/04/2018 ‌
وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بڕیاریانداوە كە چاكسازی لە لیستی بەركەوتووانی چەكی كیمیای لە هەرێمی كوردستان بكەن و ناوە دووبارەكان دەربهێنن.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی نیسان/ ئەپریل، بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان محموود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان لە میانەی یادكردنەوەی كیمیابارانی دۆڵی بالیسان ڕای گەیاندووە، ناحەقییەكی زۆر لە لیستی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەیە و كەسێكی زۆریش مافیان خوراوە، بۆیە بڕیار دراوە كە چاكسازی لە لیستی بەركەوتووانی چەكی كیمیای لە هەرێمی كوردستان بكرێت.

زیاتر گوتی، چاكسازییەكە بەجۆرێك دەبێت كە ئەوانەی ناویان دووبارەیە لە لیستەكە یان گومانیان لەسەرە و پێشتر تۆمار كراوە ئەوە پشكنینیان بۆ دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ 31 ساڵ بەسەر كیمیابارانی دۆڵی گوندی شێخ وەسانان تێپەڕ دەبێت كە لەلایەن ڕژێمی لێخراوی بەعس ئەنجام دراو و لە ئەنجامدا 198 هاووڵاتیی سڤیل  شەهید بوون و لە بەلیسان و گوندەكانی تریش زیاتر لە 65  هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم