سێ هەزار پارچە زەوی بەسەر زیندانییانی سیاسی دابەش دەكرێ

:: AM:11:44:17/04/2018 ‌
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سێ هەزار و 314 پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆك بەسەر زیندانییانی سیاسی دێتە دابەشكردن، زیندانییانی سیاسیش پێشوازی لەو بڕیارە دەكەن و دەخوازن بە زووترین كات زەوییەكان دابەش بكرێن.

كامل زێوەیی بەرپرسی كۆمەڵەی زیندانییانی سیاسی لە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە حەوت هەزار زیندانی سیاسی لە سنووری دهۆك، سێ هەزار و 314 پارچە زەوی دابەش دەكرێ.

زیاتر گوتی، ئەو زیندانییە سیاسییانەی پارچە زەوی وەردەگرن، زیاتر ئەوانەن كە لە 2007ەوە مامەڵەیان پێشكەشی كۆمەڵەی زیندانییانی سیاسی كردووە و مامەڵەكانیان تەواو بووە، ئێستە ئەو پارچە زەوییانە ئامادە كراون و تەنیا ماوەتەوە دابەش بكرێن.

بەگوێرەی ئامارەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك حەوت هەزار زیندانی سیاسی بوونیان هەیە، لەو ڕێژەیە 400یان ژنن و 120یان مانگانە مووچە وەردەگرن و 800یشیان تا ئێستە هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە و چاوەڕێ دەكەن مووچەیان بۆ ببەسترێ، مووچەی هەر یەكێكیشیان لە 250 تا 400 هەزار دینارە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د