‌ئەوقاف بۆ چارەنووسی مەلا كاندیدەكان كۆده‌بێته‌وه‌

:: PM:07:14:20/04/2018 ‌
بڕیاره‌ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی چارەنووسی مەلا كاندیدەكان یەكلایی بكاته‌وه‌ كە لەم ماوەی بانگەشەدا مۆڵەت بن یان نا.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، بڕیارە رۆژی یەكشەمى داهاتوو كه‌ ده‌كاته‌ 22ى نیسان، لە وەزارەت كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە چۆنیەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق بەڕێوە بچێت، لەو كۆبوونەوەیەشدا چارەنووسی ئەو مامۆستا ئاینییانەی بۆ پەرلەمان كاندیدن یەكلایی دەكرێتەوە كە ئایا لەو ماوەیەدا مۆڵەت یان ئاساییە لەوتاردان بەردەوام بن، ئەگەر مۆڵەتیش نەبن، بەڵام ئاگادار كراونەتەوە كە هیچ مامۆستایەكی ئاینی بۆی نییە لە گوتارەكانیان بانگەشە بۆ هیچ كاندید و لیستێك بكەن، بەپێچەوانەشەوە ڕووبەڕووی ئیجرائات دەبنەوە.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی‌ و دوو كاندیدی‌ تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبڕكێ‌ لەسەر 46 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.


وشە - محەمەد میران