داوای بەستنی كۆنگرەی سەندیكای پارێزەران دەكرێت

:: PM:09:32:21/04/2018 ‌
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەڵێت كاتی هاتووە كۆنگرەی سەندیكای پارێزەران ببەسترێت و ڕۆژی 24ـی ئەم مانگە بەفەرمی ئەو داوایە بۆ ئەنجوومەنی سەندیكای پارێزەران بەرز دەكەنەوە ئەگەر كۆنگرە نەكرێت دەست لەكار دەكێشنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی نیسان/ ئەپریل، ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كاتی ئەوە هاتووە كۆنگرەی سەندیكای پارێزەران ببەسترێت و ئەگەر كۆنگرە نەبەسترێت ئامادە نیم لەو پۆستە بمێنمەوە و دەست لەكار دەكێشمەوە.

سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران دەڵێت، هیچ بەربەستێك نابینم بۆ ئەنجام نەدانی كۆنگرەی سەندیكا، بۆیە ڕۆژی 24ـی نیسان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەندیكای پارێزەران هەیە لە هەولێر و بەفەرمی داوای بەستنی كۆنگرە دەكەم بۆ ئەوەی كەسێكی تر بێتە شوێنم و خزمەت بكات.

كاكەیی ئاشكرای كرد، تا ڕادەیەك كاتی بەستنی كۆنگرە دوا كەوتووە، چونكە دەبا لە دوای نەورۆز ئامادەكارییەكان بكرابا بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە، هەروەها هیچ كێشەیەك لە لقەكان نییە و بۆچی كۆنگرە نەكرێت؟، تەنیا لقی كەركووك نەبێت ڕەنگە هەندێك بەربەست هەبێت بۆیان.

لە ساڵی 2014 كۆنگرەی سەندیكا پارێزەرانی كوردستان لە شاری هەولێر ئەنجام درا و بەپێی یاسای یەكێتی و ڕێكخراو سەندیكاكان پێویستە كۆنگرە هەر چوار ساڵ جارێك ئەنجام بدرێت.



وشە - رامیار جەواد