لە بەردەڕەش دار دێتە بڕین و لە شوێنی وێنەی دار دروست دەكرێ

:: PM:01:13:22/04/2018 ‌
لە سەنتەری شارۆكەی بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆك، ژمارەیەك داری گەورە و بەتەمەن لەلایەن خەڵك هاتوونەتە بڕین و لایەنی كارگێڕیش دیواری لە شوێنی درەختە بڕاوەكان دروست كردووە و وێنەی درەخت لەسەر دیوارەكان نەخشێنراون.

ئیبراهیم حەسەن هاووڵاتییەكی شارۆكەی بەردەڕەش بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆمەڵێك داری گەورە لە سەنتەری شارۆكەی بەردەڕەش بوونیان هەبوو، بە پاساوی فرەوانكردنی شەقامەكان و دروستكردنی دیواری پاڵپشت، تەواوی ئەو دارانە هاتوونەتە بڕین و چەند دیوارێكی پاڵپشت لە شوێنیان دروست كراوە، لەسەر دیوارەكانیش وێنەی درەخت كێشراون.

زیاتر گوتی، ئەو درەختانە دەیان ساڵە لە نزیك گۆڕستانی بەردەڕەش بوونیان هەیە و خەڵكی هاوین و بەهاران لە ژێر سێبەری درەختەكە دەحەسانەوە و بۆ ژینگەی ناوچەكەیش زۆر سوودبەخش بوو، بەڵام ئێستە لە شوێنی ئەو درەختانە دیوار دروست كراوە و نەخشە و شێوەی درەختی لەسەر دروست كراوە.

عومەر عەبدوڵا سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەش بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی نەخشەی نوێی سەنتەری شارۆكەی بەردەڕەش دەبێ 20%ی بكرێتە سەوزایی، بەڵام تا ئێستە كەمتر لە 8%ی سەوزایییە، بڕینەوەی ئەو دارانەیش بەهۆی ئەوەیە كە كەوتوونەتە ناو پلان و نەخشەی نوێی بەردەڕەش، لەگەڵ باشبوونەوەی دۆخی داراییش پلانمان هەیە ڕێژەیەكی زۆری بەردەڕەش بكەینە سەوزایی.

بەردەڕەش یەكێكە لە شارۆكەكانی سنووری پارێزگای دهۆك سێ شارەدێ و 400 گوندی بەسەرەوەیە و زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەكەی بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات خەریكن.

بەردەڕەش/ نەوزاد هلۆری.

















وشە - باز ئه‌حمه‌د