كاندیدەكان لەم كارە ئاگادار دەكرێنەوە

:: PM:04:44:22/04/2018 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك بڵاو دەكاتەوە و كاندیدەكان لە هەڵواسینی وێنە لەسەر دیواری قوتابخانەكان ئاگادار دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی نیسان/ ئەپریل، وەزارەتی پەرورەدەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، ئاگاداری‌ هەموو لایەك و كاندیدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لە هەرێمی‌ كوردستان دەكەین كە كەس بۆی‌ نییە وێنە و پۆستەرەكانی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن لە دیواری‌ قوتابخانەكان هەڵبواسێت و بەهەموو جۆرێك ئەو هەڵواسینی وێنانە قەدەغەیە.

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، لەكاتی پابەندنەبوونی كاندیدەكان بەو ڕێنوێنییەوە وەزارەتی پەروەردە ڕێكاری‌ یاسایی دەگرێـتە بەر بەرانبەر هەر كاندیدێك.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕێنوێنی دابوو بە كاندیدەكانی هەڵبژاردن كە بە چ شێوەیەك بانگەشە دەكەن و وێنە و پۆستەرەكانیان هەڵدەواسن، بەڵام بەشێك لە كاندیدەكان پابەندی ئەو ڕێنوێنییانە نابن و زۆریشیان سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكرێت.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی‌ و دوو كاندیدی‌ تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبەركێ‌ لەسەر 46 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم