دوو ڕۆژنامەنووسی "وشە" خەڵات كران

:: PM:09:00:22/04/2018 ‌
بەبۆنەی یادی 120 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە، دوو ڕۆژنامەنووسی "وشە" خەڵات كران.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 22ی نیسان/ ئەپریل، ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، بە هاوكاری دەزگای ئایدیا بۆ فكر و لێكۆڵینەوە، تۆڕی دیالۆگ و ئەكادیمیای میدیا و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، رێوڕەسمێكیان بەبۆنەی یادی120 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردیی ئەنجامدا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا هەریەكە لە محەمەد میران و ئیڤان عەبدولرحمان ڕۆژنامەنووس لە دەزگای"وشە" بەشدار بوون و خەڵات كران. محەمەد میران بە "وشە"ی گوت، 100 ڕۆژنامەنووس لە ڕێورەسمەكەدا بەبۆنەی یادی 120 ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی خەڵات كراون.

زیاتر گوتی، خەڵاتەكە وەك هاندانێك بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان تا زیاتر گرنگی بە ڕەوتی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بدەن و بەرەو پێشی ببەن.

جێگەی ئاماژەیە كە ڕێوڕەسمەكە لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو، هاوكات وەزیری ڕۆشنبیری و چەندان كەسایەتی ئەكادیمی ئامادەبوون.









وشە - سه‌رخێڵ هاشم