سۆدیۆم چی لە جەستە دەكات؟

:: PM:03:00:23/04/2018 ‌
نزیكەی %80 خوێ لە رێی ئەو خۆراكە ئامادەكراوەكانەوە دەچێتە لەشی مرۆڤ، خواردنی بڕێكی زۆری خوێیش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی فشاری خوێن و زیان بە ناوپۆشی خوێنبەرەكان دەگەیەنێت، بە دووركەوتنەوە لە خواردنی ئەو خۆراكانەی بڕێكی زۆر خوێیان تێدایە لە زۆر گرفتی تەندروستی ڕزگارتان دەبێ.

بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەكان ئەوەیان دووپات كردووەتەوە كە مرۆڤ پێویستە ڕۆژانەی 200 میلیگرام زیاتر سۆدیۆم نەخوات، لەو ڕێژەیە زۆرتر زیانی گەورەیان پێ دەگەیەنێت، بۆیە دووركەونەوە لەو خۆراكانەی ڕێژەیەكی زۆری سۆدیۆمیان تێدایە.
 
گرنگترین ئەو خۆراكانەی ڕێژەیەكی زۆری سۆدیۆمیان تێدایە بریتین لە دۆشاوی تەماتە و گۆشت و سەوزە لە قوتوونراوەكان، هاڕاوەی كاری و ماسی وشككراو، لە بری ئەو خۆراكانە پێویستە ئەو سەوزە و میوە و خۆراكانەی خوارەوە‌ بەكاربێنیت، كە ڕێژەیەكی كەمی سۆدیۆمیان تێدایە.

یەكەم: میوە و سەوزەی تازە بخۆ،  زیاتر ئەو میوانە بەكاربهێنە كە برێكی زۆر ئاویان تێدایە یان بە رێژەی %100 سروشتین. هەمیشە دڵنیا ببەوە لەوەی ئەو میوەیەی یان ئەو خۆراكەی كە دەیكڕیت بڕێكی كەم یان هیچ سۆدیۆم لە پێكهاتەكەی دا بوونی نییە.

دووەم: گۆشت، باشترین جۆری گۆشت وەكو گوێچكە ماسی، ماسی، گۆشتی بێ‌ چەوری یان سنگی مریشك ،ئەم گۆشتانە بەباشترین خۆراك دادەنرێن كە بڕێكی كەم سۆدیۆم لە پێكهاتەكانیان هەیە و ڕێژەی سۆدیۆمیش لە لەش دا كەم دەكەنەوە.

سێیەم: بەكارهێنانی بەهارات لە پێكهاتە خۆراكییەكاندا سوودێكی زۆری هەیە، بۆ كەمكردنەوەی رێژەی سۆدیۆم، خواردنی زەڵاتە و مایۆنیس بڕێكی زۆر كەم سۆدیۆمیان تێدایە، لەگەڵ لیمۆ، سلق، بیبەر، سیر، پیاز و زەنجەفیل.

بەگشتی پزیشكان ڕێنماییمان دەكەن، كە بە تەواوی دوور بكەوینەوە لە خۆراكە ئامادەكراوەكان، چونكە بڕێكی زۆر خوێ لە پێكهاتەكانیان هەیە.



وشە - ئاوات ئازاد