به‌م گیراوه‌یه‌ كۆتایی به‌ خاڵ و په‌ڵه‌ی ڕووخسار بێنه‌

:: PM:03:49:23/04/2018 ‌
زیپكە و خاڵی تۆخ و پەڵەی قاوەیی یەكێكە لە كێشە گەورەكانی خانمان لە دنیا، ئەو خاڵە تۆخانە زۆر كات بەهۆی تەمەنەوە دروست دەبێت، هەروەها كار لەو كەسانەش دەكات كە تەمەنێكی كەمیان هەیە و گەنجترن، لابردنی ئەم خاڵانە هەرچەندە كارێكی زەحمەتە، بەڵام دەتوانن بە ڕێی سروشتی بەسەریان دا زاڵ بن و كۆتایی بە زیپكە و خاڵی تۆخ و پەڵەی ڕووخسار بهێنن.

كەرەووز ڕووەكێكی زۆر بەسوودە چەندان سەدەیە وەكو دەرمان سوودی لێ وەردەگیردرێت، زیاتر لە دروستكردنی شۆرباو زەڵاتەدا بەكاردەهێنرێت، بڕێكی زۆر ڤیتامین و كانزای تێدایە، و ئاوی كەرەووز بڕێكی زۆر مەنگەنیز و پۆتاسیۆمی تێدایە، هەروەها چارەسەرێكی باشە بۆ نەخۆشییەكانی گورچیلە، كۆئەندامی میز، گرفتەكانی جگەر، هەوكردن كەم دەكەنەوە، نەخۆشی شەكرە چارەسەر دەكات و كاریگەرییەكی باشی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی پێست هەیە و خاڵی تۆخ كاڵ دەكەنەوە.

بەپێی توێژینەوە زانستییەكان ئەم پێكهاتەیە سووربوونەوەی پێست چارەسەر دەكات، رێ لە هەڵئاوسانی پێست دەگرێت و زیوانی ڕەش لەسەر پێست لادەبا و شێوازی دروست كردنی ئەم پێكهاتە گرنگە ئەمانەن:

دوو كەوچكی گەورە كەرەووز ورد بكە، كەوچكێك ئاوی لیمۆ، لەگەڵ 200 ملیلیتر ئاو ئامادە بكە، ئاوەكە لە دەفرێكدا بكوڵێنە دواتر كەرەووزە وردكراوەكەی بۆ زیاد بكە، ئنجا وازی لێ بێنە بۆ ماوەی 15 خولەك، دواتر بەجێی بێڵە تا سارد دەبێتەوە، ئنجا ئاوی لیمۆكەی بۆ زیاد بكە، دواتر بیكە بوتڵێكی شووشەوە و لە بەفرگردا هەڵیبگرە.

پاشان گیراوەكە بەیانیان و ئیواران بۆ پێستت بەكار بێنە بۆ ماوەی 5 خولەك، بەشێوەی بازنەی پێستت بشێلە، دواتر بە ئاوی شلەتێن بیشۆ. ئەم گیراوەیە پێست نوێ‌ دەكاتەوە و خاڵی تۆخ لادەبات، ئەگەر هەموو ڕۆژێك بەكاربهێنرێت تەنیا لەماوەی دوو هەفتە هەست بە سوودەكانی دەكەیت.



وشە - ئاوات ئازاد