مووچەی پێشمەرگە بە سیستەمی نوێ‌ دابەش دەكرێت

:: PM:03:49:24/04/2018 ‌
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی  پێنجشەم مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 دابەش دەكرێن. بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەش دەڵێت، مووچەی پێشمەرگە بەسیستەمی نوێ‌ دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی نیسان/ ئەپریل، بەهار عەبدوڕەحمان بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەی دواین زانیاریی ئێمە، بڕیار دراوە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بەسیستەمی نوێ‌ دابەش بكرێت و پارەشیان بۆ دابین كراوە.

بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە دەڵێت، لە دواین كۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی، ڕێككەوتوون خۆیان سیستەمێك دابڕێژن و پێداچوونەوەكە لەسەر بڕی پارەی دیاریكراو دیاری بكەن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە تا ڕۆژی پێنجشەم مووچەی پێشمەرگە دابەش نەكرێت، نازانرێت ڕێژەی پاشكەوتەكەیان چەند دەبێت، بەڵام بڕی 12 ملیار دیناریان بۆ دابین كراوە بۆ ئەوەی مووچەی پێشمەرگە بە سیستەمی نوێ‌ دابەش بكرێت.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەم مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 دابەش دەكرێن.

پێشتر لە 27ـی ئادار حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە پێداچوونەوە بە پاشكەوتی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد