بەشێك لە پارەی گەنمی جووتیاران دابەش كرا

:: PM:05:31:24/04/2018 ‌
حكوومەتی عێراق ماوەی دوو ڕۆژە بەشێك لەپارەی گەنمی جووتیارانی ناردووە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەمە لە كاتێكدا لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو جووتیارانی عێراق ئەو پارەیان وەرگرتووە.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی نیسان/ ئەپریل، كامەران عەلی بەرپرسی جووتیارانی دەشتی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەشێك لە جووتیاران ئەمڕۆ پارەیان وەرگرتووە كە پارەی گەنمی پار ساڵە بە سایلۆكان دراوە بڕەكەیشی لەسەر فرۆشی عێراق دیاری كراوە.

ئەو جووتیارە گوتی، ئەو پارەیەی وەری دەگرین بڕێكی پارەی ساڵی 2017 یە و بەشەكەی تری قەرزە، بۆیە هێشتا بەشێكی لای حكوومەتی عێراق دەمێنێتەوە كە ڕێژەی لە %45ـی هەردوو ساڵی ڕابردوو دەبێت بۆ هەر جووتیارێك.

لای خۆیەوە نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە بڕی 42 ملیار دینارەدابەش كراوە كە 11 ملیاری ساڵی ڕابردووە و 30 ملیار دیناریشی هی ساڵی 2016یە، كە ئەمەیش 12%ی پارەی جووتیارانە دەدرێت.

پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران لە كاتێكە ساڵی ڕابردوو بڕی هەر تەنێك گەنم بە 348 هەزار دینار دیاری كراوە بۆ ساڵی 2017 و 550 هەزار دینار بۆ ساڵی 2016 دیاری كراوە.



وشە - رامیار جەواد