ڕۆژێكی تری پشوو ڕاگەیەنرا

:: PM:03:19:25/04/2018 ‌
بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری كراوە لەسەر پشووەكان، هەموو ساڵێك ڕۆژی یەكی ئایار دەكرێتە پشوو لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، بەرپرسێكی سەندیكای كرێكارانیش دەڵێت، سێ‌ ڕۆژان چالاكیمان دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی نیسان/ ئەپریل، حەسەن ڕەمەزان گوتەبێژی سەندیكای كرێكارانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە هەرێمی گوردستان جگە لە ڕۆژی یەكی ئایار، ئێمە دوو ڕۆژ پێشتریش چالاكیمان دەبێت بۆ كرێكاران.

گوتەبێژی سەندیكای كرێكاران دەڵێت، لە ڕۆژی 29ـی نیسان چەندان شوێنی كرێكاران بەسەر دەكرێتەوە و ڕۆژانی دواتریش جگە لە پێشوازی و بەیاننامەیەكی لەسەر ڕەوشی كرێكاران، ئەوا چالاكییەكی هاوبەشمان دەبێت لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ڕەمەزان ئاشكرای كرد لە ڕۆژی یەكی ئایار هەوڵ دەدەین چەند كرێكارێكی بەتەمەن خەڵات بكەین كە ساڵانێكی زۆر خەریكی كرێكارین كە هەیە كەمئەندام بووە، هەروەها چەندان چالاكی جۆراوجۆر لەلایەن لقەكانی كرێكاران بەڕێوە دەچێت لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی ئەو خشتەییەی هەیەتی لە هەموو ڕۆژێكی یەكی ئایار ئەو ڕۆژە دەكرێتە پشوو كە بە جەژنی كرێكاران ناسراوە لە سەرانسەری دنیا.




وشە - رامیار جەواد