سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە

:: PM:07:49:15/05/2018 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی پەیامێك ئاراستەی مامۆستایان دەكات و دەڵێت، مامۆستایانی كوردستان لەگەڵ ئەركی پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیارن بۆ گەلەكەیان و لە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەییدا سەربەرزانە هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریكردن بوون.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی ئایار، سەرۆك مەسعوود بارزانی لە پەیامێكی بۆ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە بۆنەی یادی 56 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتییەكە رای گەیاند، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

لە بەشێكی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی هاتووە، مامۆستایانی كوردستان لەگەڵ ئەركی پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیارن بۆ گەلەكەیان و لە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەییدا سەربەرزانە هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریكردن بوونە و دەیان شەهیدیان پێشكەش بە كوردستان كردووە.

سەرۆك بارزانی دەڵێت، لە رێگەی یەكێتییەكەتانەوە سوپاسی هەڵوێست و ئیرادە و دڵسۆزی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەكەم بەرانبەر بۆ تەحمولكردنی بارودۆخی سەخت و دژوار و بەردەوام بوون لەئەركی پیرۆزی سەرشانیان.

لە كۆتایی پەیامەكەدا هاتووە، چاوەڕوانین لە مامۆستایانی كوردستان رۆڵەكانمان بە ئومێدێكی بونیادنەرانەوە و بە پەروەردەیەكی پێشكەوتووانە بە زانست و خۆشەویستی وڵاتەوە پەروەردە بكەن.



وشە - رامیار جەواد