بێبەشكردنی یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی عێراق پێوەندی بە هاوپەیمانییەوە هەیە

:: PM:02:56:17/05/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، ئێستە یەكڕیزی ناوماڵی كورد چاوەڕێی ئەو شەش حزبە ناڕازییە و بڕیاری كۆمسیۆن دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئایار/ مایۆ، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوەی تا ئێستە لەسەر حكوومەتی داهاتوو باسی دەكرێت، تەنیا قسەیە و هیچ شتێكی كرداری لە ئارادا نییە، بەڵام پێویستە كورد لەم قۆناغەی ئێستە هەیە دەربازی ببێت.

زیاتر گوتی، بەم شێوە پەرتەوازەیییە ئەگەر كورد بچێتە بەغدا بە دڵنیایییەوە لە ساڵانی ڕابردوو خراپتر دەبێت، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بیر لە داهاتووی كوردستان بكەنەوە.

لەبارەی ئەوەی كە دەنگۆی زۆر هەیە یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی عێراق بێبەش بكرێت، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، بۆ كورد گرنگە تەواوی حزبەكان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدابن، بەڵام لە كۆتادا هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەسەر ئەوە ڕۆڵ دەبینی.

ئەوەیشی خستەڕوو كە ئێستە یەكڕیزی ناوماڵی كورد چاوەڕێی ئەو شەش حزبە ناڕازییە و بڕیاری كۆمسیۆن دەكات، دووپاتی كردەوە كە پارتی لەگەڵ یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكاندایە و نایەوێ كەس لە بەغدا فەرامۆش بكرێت.

دەنگۆی بێبەشكردنی یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی عێراق دوابەدوای ئەوە بڵاو كرایەوە كە موقتەدا سەدر لە تویتێكدا ناوی ئەو حزبانەی ڕاگەیاند كە هاوپەیمانیان لەگەڵ دەكات بۆ حكوومەتی داهاتووی عێراق و لەوێ‌ ناوی یەكێتی نەهێنرابوو.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم