واشنتن سزای زیاتر بەسەر حزبوڵای لبنانی دەسەپێنێت

:: PM:10:05:17/05/2018 ‌

ئەمەریكا سزای زیاتر بەسەر حزبوڵای لبنانی دەسەپێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە سزای بەسەر دوو كەسایەتی و پێنج قەوارەی پێوەندیدار بە حزبوڵای لبنانی سەپاندووە.

بەپێی ماڵپەڕی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا دوو كەسایەتییەكە بریتین لە محەمەد بزی و عەبدوڵا سەفیەدین، وەزارەتەكە رای گەیاند كە تۆڕەكانی حزبوڵا و تیرۆری ئێران ئاشكرا دەكەین و پەكیان دەخەین، بەوانەشەوە كە پێوەندیدارن بە بانكی ناوەندی ئێران. ئاشكرای كرد كە میلیشیاكانی حزبوڵا چەند كەسێك بەكار دێنێت كە پێوەستن بە بازرگانی مادەی هۆشبەر و ئەوان هەڵدەستن بە سپیكردنەوەی پارە بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر. 

لە دوای بڕیارەكەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر تاران، تا دێت سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران زیاتر دەبێت، دوێنێ چوارشەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای نوێی بەسەر حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی و یاریدەرێكی سەپاند.

سزاكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا هەریەك لە حەسەن نەسروڵا و نەعیم قاسمی یاریدەری گرتەوە، جگە لە چەندان كەسایەتی پێوەندیدار بە میلیشیاكانی حزبوڵا، جیا لەوانە چەند سەركردەیەكی تری حزبەكە لەوانە حوسێن خەلیل و ئیبراهیم ئەمین سەید و هیشام سەیفولدین.

سێشەمی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر بەرپرسێكی حزبوڵای لبنانی بەناوی عەلی محەمەد قەسیر و پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران و سێ كەسایەتی تر و بانكێكی ئێران لە عێراق سەپاند، ئەوەش بەپێی پڕۆگرامێك كە ئەوانە دەكاتە ئامانج كە پاڵپشتی لە تیرۆری نێودەوڵەتی دەكەن.

دوێنێ سعوودیە و هاوپەیمانەكانی لە سەنتەری كردنەئامانجی تیرۆر، 10 سەركردەی حزبوڵا لەوانە پێنجیان ئەندامی سەر بە "ئەنجوومەنی شورا"ی حزبوڵا بوون، ئەوانیان خستە ناو لیستی تیرۆرەوە كە ئەوانیش بریتی بوون لە حەسەن نەسروڵا و نەعیم قاسم و محەمەد یەزبك و حوسێن خەلیل و ئیبراهیم ئەمین سەید و پێنجەكەی تر بریتین لە تەڵاڵ حمیە و عەلی یووسف شەڕارە و گرووپی سپیكترم (تەیف) و حەسەن ئیبراهیمی و كۆمپانیای ماهیر بۆ بازرگانی و بەڵێندەرایەتی.

سەرچاوە/ سكای نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل