ساختەكاری لایەنێك..كۆسپ لەبەردەم هاوپەیمانی كوردستانی دروست دەكات

:: PM:04:37:21/05/2018 ‌
پارتی و یەكێتی داوای پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستانی دەكەن و شەش لایەنەكەی تریش پێداگرن لەسەر ناڕەزایەتییەكانیان و هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەن و دەڵێن دەنگەكانمان لە كوردستان ددزراوە و داوای یەكڕیزش بۆ بەغدا دەكرێ.

بۆ پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستانی و یەكخستنی ریزەكانی لایەنە كوردستانییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دانوستاندنێكی چڕدان وەك هەوڵێك بۆ یەكخستنەوەی هێزە كوردییەكان پێش دەست پێكردنی ماراسۆنی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لە بەغدا.

ئەوەی یەكێتی و پارتی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، بەدیوێك وەربەرهێنانە لەسەر ئەو یەكڕیزییە بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە دوای راپرسییەكەی 25ی ئەیلوولی رابردوو كە بەدوایدا 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی رۆژانی دواتری بەسەردا هات، پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كەركووك و 51%ی خاكی كوردستان كشانەوە.

هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆ بوونەوە.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێ، پارتی و یەكێتی كۆدەنگن لەسەر ئەوەی گرنگە هەموو لایەنە كوردستانییەكانی تر بەیەك تیم بچین بۆ بەغدا و پەرلەمانی عێراق. 

هەرێم كە كاندیدی ژمارە یەكی لیستی یەكێتی بوو بۆ هەولێر و دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق، گوتی "پاراستنی دەستكەوتەكان پێویستی بە دەنگێكی كوردستانی یەكگرتوو هەیە".

لای خۆیەوە خەسرۆ گۆران ئەندامی سەركردایەتی پارتی دەڵێ، پارتی ئامادەیە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببێتەوە و بەیەكەوە بچن بۆ بەغدا. گوتی "گرنگە بەیەكەوە بچین بۆ بەغدا".

كۆبوونەوەی باڵای شاندی پارتی و یەكێتی، لە كاتێكدایە دوێنێ سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا داوای كرد پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندی نیشتمانی پێش بەرژەوەندی حزبی بخەن و بەیەك دەنگی بچن بۆ بەغدا. گوتی "دەبێت هەموو لایەنەكان ئەوە بزانن بە یەكڕیزی هەم دەستكەوتی زیاتر و هەمیش مافەكانمان پارێزراو دەبێت".

جێی باسە شەش لایەنی سیاسی داوای ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست دەكەن، پێیان وایە ساختەكاری زۆر گەورە لە سلێمانی و كەركووك كراوە، تەنانەت توركمان و عەرەبەكانی كەركووكیش سكاڵایان تۆمار كردووە و تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە شارەكە داوە و ماوەی هەفتەیەكە خۆپیشاندانیانە.

یوسف محەمەد سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی دەڵێ، یەكڕیزی ناوماڵی كورد بە دزینی دەنگی دەنگدەران ‌و ساختەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نایەتە دی.

یوسف محەمەد كە قسەی بۆ "ئەلزەمان" كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە گۆڕان ‌و ئەو هێزە سیاسییانەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەت دەكەنەوە، كار دەكەن بۆ گێڕانەوەی دەنگە دزراوەكان، وەك چۆن بە ڕژدی بیر دەكەنەوە لە بایكۆتكردنی پرۆسەیەكی سیاسی كە لەسەر غەش ‌و فێڵ بنیات نرابێت.

دووپاتی كردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ئێستە هەمو‌و هەوڵێك دەدات لە پێناو گەڕاندنەوەی دەنگە دزراوەكان‌ و دووپات دەكاتەوە لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێك كە پێشینەی كارەكانی بنبڕكردنی گەندەڵی‌ و دروستكردنی دامەزراوە ‌و دەوڵەتی یاسا لە عێراق بێت یان لە هەرێمی كوردستان.

پێوەند بەو پرسە جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا، یەكێتی دەنگی خەڵكیان "دزیوە" داوای یەكڕیزیش دەكەن.

جەمال كاندیدی سەركەوتووی یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگای دهۆك گوتی، "ئەوان فێڵیان لێ كردووین، داواش دەكەن لە بەغدا دەستمان بخەینە ناو دەستیان".

جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەش دا ئەوانەی داوای یەكڕیزی دەكەن مەبەستیانە بە خەڵك بڵێن ئێمە داوامان كرد بەڵام ئەوانی تر نەهاتنە پێشەوە. گوتی "جگە لەمە یەكێتی و پارتی ماوەی دوو مانگە یەكتر بە خیانەت تۆمەتبار دەكەن ئێستە دەچن یەكڕیز دەبن؟ ئەوەی هەیە هەمووی بۆ موزایەدەی سیاسییە. كێ لە چوار ساڵی رابردوو رێگر بوو لەوەی یەكڕیز بن، هەر خۆیان بوون، ئێمە لەوێ بووین دەزانین هۆكارەكان چی بوون".

جەمال لە پارتی و یەكێتی دەپرسێ كە یەكگرتووی چی لەوان كردووە تا دەنگی یەكگرتوو ببەن، بۆیە ئەوەی ئەمجارە كردیان تەنانەت یەكڕیزی كۆمەڵایەتیشیان تێك دا و متمانەیان لە نێوان لایەنەكان نەهێشت. گوتی "لێكترازانیان خستە نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئێستە لە نێوان خۆیاندا بەیەكتر دەڵێن پەرلەمانتاری چینی، چونكە كەس باوەڕ ناكات كامەیان بە دەنگی خۆی هاتووە و كامەیان دەنگی بۆ دزراوە".

زیاتر گوتی "ئەو 14 كورسییەی لایەنەكانی تر سەنگی لە هەموو كورسییەكانی ئەوان زیاترە".

رۆژی 12ی ئەم مانگە  هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقی بەڕێوە چوو، هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی شیوعی لە ئەنجامەكانی پارێزگای سلێمانی ناڕازین و داوا دەكەن پێداچوونەوەی بە دەنگەكانیان بكرێت و ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكە كراوە.


وشە - فه‌رمان سادق