هەڵوێستی ئەمەریكا لە بەرامبەر یاسای حەشدی شەعبی چییە؟

:: PM:07:09:01/12/2016 ‌

جێگری باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق رای گەیاند كە وڵاتەكەی پابەندە بە رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی لەگەڵ عێراق و دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا پاڵپشتی لە حكوومەتی عێراق دەكات بۆ نەهێشتنی تیرۆر و پەسندكردنی یاسای حەشدی شەعبیش پرسێكی ناوەخۆی عێراقە.

شەمووی رابردوو پەرلەمانی عێراق بە زۆرینە دەنگی لەسەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی دا لەناو ناڕەزایی سوننەكان، بەپێی یاساكە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەبێتە هێزێكی فەرمی سەر بە فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە بودجە و هەموو مافێكیان بۆ دیاری دەكرێت و رێك دەخرێنەوە و فەرماندەشیان بۆ دیاری دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم خاتوو ستیفانی ویلیەم جێگری باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە تەلاری كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە بەسرە رایی گەیاند كە تا ئێستەش وڵاتەكەی كار بە رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی دەكات و پاڵپشتی لە حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی بۆ نەهێشتنی تیرۆر دەكات.

روونی كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پاڵپشتی خۆی و ئەمەریكای بۆ عێراق لە جەنگی دژ بەتیرۆر و ئاوەدانكردنەوەی دووپات كردووەتەوە. 

لەبارەی دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، ویلیام دووپاتی كردەوە كە ئەو پرسە ناوەخۆییە و ئەمەریكا هیچ كارێكی پێ نییە و ئاماژەی بۆ یەكخستنی هێزەكان كرد بۆ سەركەوتن بەسەر داعش.

روونی كردەوە كە ئەمەریكا لە رووی ئابوورییەوە بەپێی رێككەوتننامەی ستراتیجی دەجوڵێتەوە كە ئێستە 20 كۆمپانیای ئەمەریكایی لە باشووری عێراق كار دەكەن لەو ژمارەیەش 50%یان لە كەرتی نەوت و ئەوەی تریش لە كەرتی خزمەتگوزارییەكان و پەرەپێدانی پارێزگەكانی باشوور كار دەكەن.

لە 2008 هەردوو حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا رێككەوتننامەیەكی ستراتیجیان بەناوی "رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی" ئیمزا كرد كە رێخۆشكەر بوو بۆ پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە كۆتایی 2011 و باسی لە هاوبەشییەكی ستراتیجی ئەمەریكا و عێراق كرد لە بوارەكانی ئابووری و دیپلۆماسی و كولتووری و ئەمنی و پێشخستنی پۆلیسی عێراق. 

سەرچاوە: مەدا پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل