لەبارەی پارەی كارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: PM:05:51:24/05/2018 ‌
دوای تەواو بوونی هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئایار، كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان چاوەڕوانی بڕی پاداشتی ئەو ڕۆژەیان دەكەن. بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێت، ئەگەری خەرج كردنی ئەو پارەیە لە هەفتەی داهاتوویش لاوازە و تا ئێستە وادەكەی دیار نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئایار، زانا گەردی بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە وادەی دابەشكردنی پاداشتی كارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دیاری نەكراوە.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن دەڵێت، بەهۆی سەرقاڵی ئەنجوومەنی كۆمسیاران پێشبینی ناكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا دابەشكردنی پاداشتی كارمەندان سەر سندووق دەست پێ بكات.

گەردی دووپاتی كردەوە كە هیچ بڕە پارەیەك بۆ كارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان نەگەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و پێشبینی ناكرێت هەفتەی داهاتوویش ئەو پارەیە بێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەپێی بڕیارێكی بۆ هەر كارمەندێكی سەر سندووقی دەنگدان بڕیاری خەرج كردنی بڕە پارەیەكی دابوو كە لە 200 هەزار زیاتر بۆ كارمەندێكی ئاسایی و 250 هەزار بەرپرسی بنكە دیاری كرابوو.



وشە - رامیار جەواد