پێنج بارستەی براوە رێككەوتننی سەرەتاییان لەسەر كاندیدكردنی عەبادی كردووە

:: PM:11:50:27/05/2018 ‌

رۆژنامەیەكی كوێتی لە راپۆرتێكیدا ئاماژە دەكات كە پێنج بارستەی عێراقی لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ خولێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە، لەو كاتەی موقتەدا سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان نۆ مەرجی بۆ هەر كەسایەتییەك داناوە كە پۆستەكە وەربگرێت.

رۆژنامەی (رۆژنامە)ی كوێتی ئەمڕۆ یەكشەم لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی كرد كە هادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح دوو دڵە لە هاوپەیمانیەتیكردن لەگەڵ سەدر یان نووری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا، بەپێی راپۆرتەكە دوای دوو هەفتە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموو هێزە سیاسییەكان نووسراوی خۆیان لەسەر مێزی گفتوگۆ داناوە و چەند سیناریۆیەك بۆ پێكهێنانی زۆرینەیەكی شایستە بۆ دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێی حكوومەت دیار كەوتوون، كە ئەوەش وای كردووە كە بارستەكان دەست بە مەرج و داواكارییەكانیان بگرن.

بەپێی راپۆرتەكە تا ئەو ساتەش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق باشترین چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بەبێ رەوچاوكردنی شێوەی ئەو هاوپەیمانیەتییەی بەناو پەرلەماندا پاڵپشتی لێ دەكات و ئاماژەی كرد، ئێستە ئەگەرەكان لە رێگەی زیاتر لە سیناریۆیەك كراوەیە.

سەرچاوەكە لەو راپۆرتە دەڵێت، لە ماوەی رابردوو لێكگەیشتن لە نێوان هەردوو هاوپەیمانی نەسڕ و سائیروون رووی داوە كە سێ بارستەی تری بچووكتر پاڵپشتیان لێ دەكەن و بەوە گەیشتوون كە رێككەوتننێكی سەرەتاییە لەسەر دووەم خولی بوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عەبادی، لە چوارچێوەی پڕۆگرامێكی حكوومەتی كە پێوەی پابەند بێت و بەڵێنی جێبەجێكردنی بدات، بەڵام ئەوە لێكگەیشتنە كۆتایی نییە.

بەپێی راپۆرتەكە سەدر نۆ خاڵی دیاری كردووە بنەمای ئەو پڕۆگرامە دەبێت كە بۆ عەبادی پێشنیاز كردووە و ئەوانیش پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات و نیشتیمانی دوور لە سیستەمی بەشبەشێنە و رەوانەكردنی هەموو تێوەگلاوان بە گەندەڵی بۆ دادگا و راگەیاندنی ئیستراتیجیەتێك بۆ كەمكردنەوەی هەژاری و نەهێشتنی بێكاری و ئاوەدانكردنەوەی شارە وێرانبووەكان و پێدانی ماقی قوربانیانی كردە تیرۆریستییەكان و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاریان و چارەسەركردنی كێشەی كارەبا و بەڵێندان بەكاركردن بۆ پاشەكشەكردنی هەموو هێوزە بیانییەكان و دامەرزاندنی هیڵێكی سیاسییانەی دەرەكی دوور لە هەر جەمسەرێكی ناوچەكە و هەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ پابەندبوونی حكوومەت بە پڕۆگرامەكەی لەژێر ناوی وەرگرتنەوەی متمانە لێی لە پەرلەماندا.

رۆژنامەكە لە پەرلەمانتارێكی عێراقی دەگوازێتەوە و دەڵێت، هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری دوودڵە لە نێوان یەكگرتنەوە لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی و پاراستنی یەكپارچەیی خۆی وەیا چوونە بەرەی سەدر و لەدەستدانی بارستەی عەسائیب ئەهلولحەق بە سەرۆكایەتی قەیس خزعەلی كە خاوەنی 15 كورسی پەرلەمانە و سەدر ڤیتۆی لەسەر داناوە. 

بەپێی رۆژنامەكە رەوتی سەدر ناوی عەلی دەوای وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران خستە روو، دواتر پاشگەز بووەوە و ناوی جەعفەر سەدری خستە روو كە كەسایەتییەكی خۆشەویستە لەناو چینی رۆشنبیری عێراق و هەندێكیان بە سەید عەلمانی وەسفی دەكەن، چونكە كوڕی محەمەد باقر سەدری مەرجەعی شیعەیە كە لە 1980 لەلایەن سەدام حوسێنەوە لەدار درا و بیرۆكەی عەلمانیشی هەیە. 

لای خۆیەوە ساڵح حەسناوی دەبێتە كانیدێكی بەهێز ئەگەر هاوپەیمانی فەتح بتوانێت گەورەترین بارستەی پەرلەمان پێك بێنێت، وەك كەسایەتییەكی میانڕەو و قبووڵكراو لەلایەن هەمووانەوە.

لای خۆیەوە شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستكاری پارتی بۆ بەغدا لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی (مەدا)ی عێراقی رای گەیاند، لە ماوەی چوار رۆژ لە بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانیەتییە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرمانی عێراق هەروەها لەگەڵ ئەوانەشی براوە نەبوون باسی ئەگەری پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقمان كرد، بەڵام گفتوگۆكان نادیار و شەرمنانە بوون.

بەپێی قسەكانی تەها یەكەم گەڕی دانوستانەكان گفتوگۆیان لەبارەی سێ سیناریۆ تیادا بوو، یەكەمیان بەرەی نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمان و دووەم گفتوگۆكردن لەبارەی دووبارە كاندیدكردنەوەی حەیدەر عەبادی و سێیەم پاڵنان بە ئاراستەی دانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ بە كەسایەتییەك لە دەرەوەی حزبی دەعوە. 

زیاتر گوتی، هێزە سیاسییەكان تاوتوێی ئەو سیناریۆیانە دەكەن بە هیوای گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر یەكێكیان لە دووەم گەڕی گفتوگۆكان كە لە ماوەی داهاتوو دەست پێ دەكات.

ئەو سەركردەی پارتی لەبارەی كۆبوونەوەی شاندی پارتە كوردییەكەیان لەگەڵ نووری مالیكی و هادی عامریدا دەڵێت، ئەو تەنیا بانگێشتنی خوانێكی بەربانگكردنەوە بووە و هیچیتر، دووپاتی كردەوە لە كۆبوونەوەكە ئەوەندە باسی پرسی پێكهێنانی حكوومەت و گەورەترین بارستەی پەرلەمانی نەكرا، بەقەد باسی كێشەكانی هەڵبژاردن كرا. 

ئەو دووپاتی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكان باسی ئەگەری پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی پەرلەمانیمان لەگەڵ مالیكی و عامری نەكرد، بەڵام حكوومەتی داهاتوو لەلایەن حزبەكانەوە پێك دێت نەوەك كەسانی سەربەخۆ. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل