خانووەكەت پرێنت بكە و ڕاستەوخۆ بچۆرە ناویەوە

:: PM:12:16:09/06/2018 ‌
ئەمە ئیتر خەون و مەحاڵ نییە، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاوە ئەگەر تۆ دانیشتووی هۆڵەندا بیت، دەتوانی لە خانووی چاپكراو ژیان بەسەر ببەیت، ڕاستەوخۆ خانووەكەت بە پرێنتەرێكی سێ ڕەهەندی چاپ بكەیت و دواتر بچیتە ناوی و ژیان بەسەر ببەیت.

زانكۆی ئایندهۆڤن بۆ تەكنەلۆجیا و كۆمەڵێك كۆمپانیای هۆلەندی دەستیان بە پلانەكەیان كرد بۆ دروستكردنی خانوو لە ڕێی پرێنتەری سێ ڕەهەندی، كە دەتوانێ خانوویەكی خنجیلانە و ئاسایی لە ڕێی چاپكەرەوە چاپ بكەیت و دەسبەجێ بچیتە ناوی و دەست بە ژیان بكەیت.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، تا ئێستە پێنج خانوو بەمشێوازە لە باشووری هۆڵەندا چاپ كراون و بڕیارە زیاتر پەرە بەو پڕۆژەیەش بدرێ، گوتەبێژ بەناوی زانكۆی ئایندهۆڤن بۆ تەكنەلۆجیا ئاشكرای كرد، ئەم پڕۆژەیە تا ئێستە هاوشێوەی نەبووە و خانووەكانیش بە ئامانجی بازرگانی دروست دەكرێن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خاوەنەكانیان و بەگوێرەی پێویستیان چاپ دەكرێن.

پێشتر هەوڵی هاوشێوە دراوە بۆ دروستكردنی خانوو لە ڕێی پرێنتەری سێ ڕەهەندی، بەڵام تەنیا بۆ ئامانجی توێژینەوە بووە، نەك نیشتەجێبوونی خەڵك تێیدا.

یەكەم خانووی ئەم پڕۆژەیە یەك نهۆم بووە و بڕیارە زانایانی ئەو بوارە خانووی سێ نهۆمیش بە پرێنتەری سێ ڕەهەندی دروست بكەن.

شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە، چاپكردنی خانوو بە پرێنتەری سێ ڕەهەندی شۆڕشێك لە بواری كڕین و فرۆشتنی خانوو لە دنیا دروست دەكات، دوای ئەوەی ئەندازیاران بە وردی چاوەڕوانی فرەوانبوونی پڕۆژەكەن و دەیانەوی بە جۆرەها شێواز خانوو بە پرێنتەری سێ ڕەهەندی دروست بكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د