دهۆك.. 129 مامۆستای زانكۆ دەستیان لەكار كێشاوەتەوە

:: PM:02:28:13/06/2018 ‌
پاش ئەوەی لە 2014 تەنگژەی دارایی و شەڕی تیرۆر ڕووبەرووی هەرێمی كوردستان بووەوە، 129 مامۆستا و فەرمانبەری زانكۆی دهۆك وازیان لە كارەكەیان هێناوە و ڕوویان لە هەندەران كردووە.

بەنگین ئیبراهیم بەڕێوەبەری كارگێڕی و خۆیەتی لە زانكۆی دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێشتر بڕیاری دامەزراندنی 129 مامۆستای دهۆكمان دەركرد، بەڵام 18یان نەهاتنە دەوام و دەستیان بە كاركردن لە زانكۆكەمان نەكرد، جیا لەوەیش 10 فەرمانبەری تر لە كار لادران بەهۆی پابەندنەبوونیان بە كار و دەوامەوە، پاشان ڕێنوێنیمان بڵاو كردەوە كە ئەوانەی چوونەتە دەرەوە لە ماوەی 30 ڕۆژ پێوەندی بە زانكۆ نەكەنەوە و دەست بە دەوام نەكەن، لە كارەكانیان دوور دەخرێنەوە، بەوهۆیەوە 43 مامۆستا و فەرمانبەر نەهاتنەوە، بۆیە سەرجەمیان فەسڵ كران، دواتر 86 مامۆستا و فەرمانبەری تری زانكۆكە دەستیان لەكار كێشایەوە، یان بەهۆی مردن و خانەنشینبوونەوە لە دەوامكردن بەردەوام نەبوون.

ئاماژەی دا، ئێمە بە فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانمان لەو گرفتە ئاگەدار كردووەتەوە، تا شوێنی ئەو 129 مامۆستا و فەرمانبەرە پڕ بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێكمان نەدراوە،جیا لەوەیش 245 مامۆستا و فەرمانبەر مۆڵەتی ماوە درێژیان وەرگرتووە، بەگشتی ئێستە لە زانكۆی دهۆك سێ هەزار و 898 مامۆستا و فەرمانبەر بوونیان هەیە.

زانكۆی دهۆك یەكێكە لە زانكۆ حكوومییەكانی كوردستان و لە ساڵی 1992 دامەزراوە و دەكەوێتە ڕۆژئاوای شارەكە و لە 65 بەش و 18 كۆلێژی جیاواز پێكهاتووە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د