بە وێنە.. شاجوانی عێراق لە ئیسرائیل شلەی بامیە دەخوات

:: PM:12:34:15/06/2018 ‌


 سارە عیدان شاجوانی عێراق بۆ ساڵی 2017 لەسەر پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستگرام چەند وێنەیەكی خۆی و شاجوانی ئیسرائیلی بڵاو كردووەتەوە كە لە قودس گیراون.

شاجوانی عێراق، لەگەڵ ئادار گاندلسمان شاجوانی ئیسرائیل چەند وێنەیەكی خۆیانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستگرام بڵاو كردووەتەوە و لەسەری نووسیوە "جارێكی تر كۆ بووینەوە".

رۆژی دووشەمی رابردوو 12ی حوزەیران، سارەی شاجوانی عێراق سەردانی ئیسرائیلی كرد و چەند وێنەیەكی خۆی و شاجوانی ئیسرائیلی لە یەكێك لە چێشتخانەكانی قودس بڵاو كردەوە كە شلەی بامیە دەخۆن.

لە وێنەیەكی تردا كە ماڵپەڕی "حوڕە" بڵاوی كردووەتەوە، هەردوو شاجوانەكە دەردەكەون و سڵاو لە هەوادارانیان دەكەن، لە یەكێك لە گرتە ڤیدیۆكاندا گاندلیسمان بە عەرەبی بە سارە دەڵێ، "سەلام" ئەویش بە عیبری وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ "شالۆم".

جێی باسە دەركەوتنەوەی شاجوانی عێراق لەگەڵ شاجوانی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا، دووەم بەیەكەوە دەركەوتنیانە دوای ئەوەی لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتی شاجوانی جیهانی، سارە و گاندلیسمان بەیەكەوە لە لاس ڤێگاسی ئەمەریكا وێنەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە كە بەهۆیەوە هەڵایەكی گەورەی نایەوە و هەندێك پشتگیرییان لەو هەوڵەی كرد و هەندێكیش سەركۆنەیان كرد.





وشە - فه‌رمان سادق