نێچیرڤان بارزانی پشتگیری لە دەستپێشخەریی عەبادی دەكات

:: PM:02:35:15/06/2018 ‌


نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ هەر هەنگاوێك و دەستپێشخەرییەك دەربڕی بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەیە و رزگاركردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق. سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ ئەگەر دەستپێشخەرییەكەی عەبادی هاوپەیمانییەكی فراوان دادەمەزرێنێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی كارا، ئەوە پێشوازیی لێ كراوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان و گەلی كوردستان هەوڵی دەرچوون لەو تەنگژەیە دەدەن كە هەڕەشە لە كۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكات".

جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریی پارتەكەی دەربڕی بۆ دەستپێشخەرییەكان لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و رای گەیاند : "پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەك دەكات بۆ هەوڵی دەرچوون لەو حاڵەتە سیاسییە ناسەقامگیرە لە عێراق و گەڕانەوە بۆ كاركردن لەسەر بنەمای دەستوور و كاركردن بە یاسا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بە دەستپێشخەرییەكی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و دەڵێت: "ئەگەر دەستپێشخەرییەكەی دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێتە هۆی دەستپێكردنی گفتوگۆی رژد لەپێناو دامەزراندنی هاوپەیمانییەكی فراوان، لە چوارچێوەی پێكهێنانی حكوومەتێكی كارا بتوانێت زۆربەی كێشەكانی ناوخۆ و دەرەوە چارەسەر بكات كە عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوە پێشوازیی لێ كراوە".

هەروەها جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئێمەش چاومان لەوەیە بۆ ئەم مەبەستە دوای كۆتاهاتنی پشووی جەژن گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانە لە بەغدا لەگەڵ سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكان دەست پێ بكرێت لە پێناو ئەو ئامانجە".

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لیستە براوەكان دەستیان بە گفتوگۆ كردووە و لە هەرێمی كوردستانیشەوە سەرەتا پارتی و یەكێتی بە دوو شاندی جیاواز چوونە بەغدا و لەگەڵ موقتەدا سەدر، حەیدەر عەبادی، نووری مالیكی، هادی عامری و لیستەكانی تری عێراق كۆ بوونەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائیروون، هاوپەیمانی لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح راگەیاند و پێشتریش لەگەڵ رەوتی حیكمە و هاوپەیمانی وەتەنییە هاوپەیمانییان واژۆ كردبوو كە پێ دەچێت دوای پشووەكانی جەژنی رەمەزان، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق چڕتر بكرێنەوە.



وشە - فه‌رمان سادق