سلێمانی بێ‌ ئاو دەبێت

:: AM:10:30:19/06/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی سلێمانی ئاشكرای كرد، سبەی سلێمانی بێ‌ ئاو دەبێت لەگەڵ چەند شارۆكە و شارەدێیەكی دەورووبەری، بەوهۆیەوە هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە ئاگەدارییەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هاتووە، بەهۆی هەندێك كاری چاكسازی ڕۆژی چوارشەم 20ـی حوزەیران/یۆنیۆی 2018 هێلی دووەمی دۆكان _سلێمانی بۆ ماوەی 24 سەعات ڕادەگیرێت.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، بە كاركردن لەو بۆڕی ئاوە زۆربەی گەڕەكەكانی شاری سلێمانی و ناوچەی قڕگە و شارۆكە و شارەدێكانی چەمچەماڵ و شۆڕش وتەكییە و پیرەمەگروون و بازیان و ئەڵلای و تەیناڵ بێ ئاو دەبن و پێویستە هاووڵاتیان ئاگادار بن.

هێلی بۆڕی ئاوی دۆكان_سلێمانی سەرچاوەی یەكەمی دابین كردنی ئاوە بۆ پارێزگای سلێمانی ساڵانە چەند جارێك پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوە هەیە بە تایبەت لەكاتی گۆڕانكاری وەرزەكان بەمەبەستی پاك كردنەوەی.

بەهۆی سروشتی شاری سلێمانی كە بەشێكی زۆری ناوچەكە شاخاوییە نەتوانراوە سوود لە بیری ئاوەكان وەر بگیرێت و بۆڕی ئاوەكانی پشت بە بیرەكان ببەستن، بەڵكوو پشت بە ئاوی بەنداوی دۆكان دەبەسترێت بۆ دابین كردنی ئاو بۆ شارەكە و شارۆكە و شارەدێكانی سەر بە پارێزگاكە.




وشە - رامیار جەواد