خامنەیی بە نامەیەك هەژموونی ئەمەریكا لە عێراق تێكدەشكێنێت

:: AM:11:34:19/06/2018 ‌


گەرچی هێشتا جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست كۆتایی نەهاتووە تا لیستی براوەی هەڵبژاردن ئاشكرا ببێت، بەڵام هەوڵەكانی ئێران بۆ كۆ كردنەوەی شیعەكان لە ژێر چەترە گەورەكە سەركەوتوو بوو، بەمەش لەیەك كاتدا گوزرێكی كوشندەی لە ئەمەریكا دا كاتێك دەرگایان بە رووی مالیكی و عەبادی كردەوە.

بۆ پاراستنی هەژموونی.. ئێران بە پلانێكی نوێ شیعەكان كۆ دەكاتەوە
پێدەچێت ئێران چاوەڕوانی جیاكردنەوەی دەنگ بە دەست نەكات لەلایەن لیژنەكەی ئەنجوومەنی دادوەری، دوای ئەوەی هەوڵەكانی سولەیمانی نزیك بوو لە بنبەست، عەلی خامنەیی و مجتبی نەوەی و مەحموود شەهروەردی كەسایەتی نزیكی حزبی دەعوە، هاوشانی سولەیمانی و ئیرەج مەسجدی باڵیۆز و كەریم رەزائی یاریدەدەری بۆ كاروباری سیاسی ناردنە بەغدا.

دوو كەسایەتی باڵای حزبی دەعوە و رێكخراوی بەدر، نامەیەكی دەستنووسی خامنەیی ئاشكرا دەكەن، بەپێی راپۆرتێكی "عەرەبی جەدید" خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی، نامەیەكی دەستنووسی بۆ موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائرون و قەیس خەزعەلی سەركردەی میلیشیاكانی عەسائب، نوری مالیكی سەركردەی حزبی دەعوە، هادی عامری سەركردەی رێكخراوی بەدر و هاوپەیمانی فەتح و هومام حەمودی سەرۆكی حزبی ئیسلامی و عەماڕ حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمە  ناردووە، جگە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ كە پەراوێز دەخرێت.
نامەكەی خامنەیی جەخت لەسەر یەكڕیزی لایەنە شیعییەكان دەكات و پێیان رادەگەیەنێت خۆیان بە دوور بگرن لە شەڕی ناوەخۆ، دەرئەنجامی نامەكەش راگەیاندنی هاوپەیمانی نێوان سەدر و عامری بوو، بەمەش سەدر پشتی لە رەوتی مەدەنی و شیوعییەكان و شەقام كرد، چووەوە ژێر باری خواستی ئێران، تەنانەت هێڵی سووری لەسەر مالیكیش هەڵگرت.

بەرپرسێكی باڵای حزبی دەعوە دەڵێ ئەوەی ئێران ئەنجامی دا دەستوەردانێكی ئاشكرایە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەگوێرەی نەخشە رێی هەژموونی ئێرانی، بەمەش پەیامێكی ناردە واشنتن كاتێك بۆ یەكەمجار نەوەكانی خامنەیی سەردانی عێراق دەكەن و دەستوەردانی راستەوخۆ لە كاروباری سیاسی دەكەن بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی شیعە.
 
نامەكەی خامنەیی، هەر تەنیا هاوپەیمانی نەسڕی لێ بێبەش نەكرا، بەڵكو بە قسەی حوسێن كنانی بێت بووەتە هەڕەشەی هەڵوەشانەوەشی، ئەگەری زۆری هەیە لە داهاتوودا چەندان لایەن لە هاوپەیمانیەتییەكە بێنە دەرەوە و بچنە ناو هاوپەیمانی "سەدر و عامری".

چاوەڕوان دەكرێت هەندێك لایەنی شیعەی لاواز لە هاوپەیمانی شیعەكان دوور بخرێنەوە، لە جێگەی ئەوان دەرفەت بە هێزە كوردی و سوننەكان بدرێت.

محەمەد حەمدانی مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەلاحەدین دەڵێ، ئێران كە سەرپەرشتی هاوپەیمانی نێوان سەدر و عامری دەكات، زۆر لەوە زیرەكترە كە لێی دەڕوانرێت، بۆیە نایەوێت هاوپەیمانیەتییەكی شیعی داخراو دروست بكات بە پێچەوانەوە هەندێك هێزی شیعی لاواز دوور دەخاتەوە و لە جێگەی ئەوان دەیەوێت كورد و سوننە بەشداری لە هاوپەیمانیەتییەكە پێ بكات، بەمەش هاوپەیمانیەتییەكە هەم دەبێتە نیشتمانی و هەمیش سەدر لە شەرمەزاری رزگار دەكات كە هەوڵی راگەیاندنی لیستی گەورە دەدات بە مەرجێك مەزەوگەری نەبێت تا تۆمەتبار نەكرێت بەوەی كودەتای بەسەر بەڵێنەكانی هەڵبژاردن كردووە.

عەبادی هۆكاری سەركەوتنی ئێرانییەكان بوو؟
هەیسەم هیتی لێكۆڵەر و ئەكادیمی عێراق كە لە ئەمەریكا دادەنیشێت، پێی وایە هۆكاری سەركەوتنی ئێرانییەكان لە ئەستۆی عەبادی دایە.

ئەو كە قسەی بۆ ماڵپەڕی "كیتابات" كردووە، دەڵێ عەبادی بەدەم داواكەی سەدر نەهات و لە حزبی دەعوە نەكشایەوە تا هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستێت، بۆیە سەدر بۆ پێكهێنانی لیستی گەورە هاوپەیمانی لەگەڵ عامری بەست، چونكە كوردەكانیش ئامادە نەبوون هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستن و ماڵی سوننەكانیش پەرتەواز بوو.

جێی باسە تا ئێستە سەدر لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگیرە كە نابێت سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لە حزبی دەعوە بێت كە لە ساڵی 2006ەوە حكوومەتیان بە دەستە.

پێشتریش كوردەكان بەسەر هاوپەیمانی شیعە سەپاند بۆ گۆڕینی ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی حزبی دەعوە، لە جێگەی ئەو نووری مالیكی بە رەزامەندی كورد و ئەمەریكییەكان كرایە سەرۆك وەزیران.

دوورخستنەوەی حزبی دەعوە دژەكان دەكاتە هاوپەیمان
هەریەكە لە موقتەدا سەدر و هادی عامری لە چەند ساڵی رابردوودا لەسەر دوو پەتی تەواو دژ سیاسەتیان كردووە، ئەوەی یەكەم خۆی بە دژ ئێران و خاوەن شەقام ناساند، تەنانەت سەردانی سعوودیەشی كرد وەك ئاماژەیەك بۆ ویستی عێراق و گەڕانەوەی بۆ باوەشی عرووبە! كە ئەمەریكا پشتگیری لەو هەنگاوە كرد. هەرچی عامرییە، كە ئەفسەرێكی پلە باڵای سوپای قودسە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەژێر وەسایەی ئێرانی پەروەردە كراوە، تا ئێستەشی لەگەڵ بێت كار بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات.

رەوتی سەدر و رێكخراوی بەدر، لەدوای 2006 ئازاری زۆریان چەشت بەدەست حووكمی حزبی دەعوە، پێدەچێت پەراوێزخستنی دەعوە خاڵی هاوپەیمانی نێوانیان بێت.

نەجم قەساب چاودێری سیاسی عێراق كە قسەی بۆ "ئەنادۆڵ" كردووە، دەڵێ ئامانجێكی تر هەیە لەناو ماڵی شیعەكان لە پشتەوەی ئەو هاوپەیمانیەتییەیە، ئەویش زۆرینەی لیستە شیعەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە پۆستی سەرۆك وەزیران لە حزبی دەعوە وەربگیردرێتەوە.

زیاتر گوتی "رێككەوتنێكی رانەگەیەنراو هەیە لەنێوان سەركردە شیعەكان كە ئەو پۆستە نەدرێتەوە حزبی دەعوە كە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن ئەو حزبە خاوەنی تەنیا 15 كورسییە".

دژە ئەمەریكایی یەكێكی ترە لە هۆكارەكان
هەریەكە لە رەوتی سەدر و رێكخراوی بەدر، دەمێكە دژی هەبوونی پێگەی سەربازی ئەمەریكین لە عێراق، تەنانەت لەنێوان 2006 بۆ 2010 سەدرییەكان دژایەتیەكی توندی ئەمەریكیەكانیان كرد و شەڕیان لە دژ راگەیاند.
حوسێن كنانی دەڵێ هەردوو جەمسەرە شیعییە دژەكە، لە خاڵی دژە پێگەی سەربازی ئەمەریكی لە عێراق كۆكن و پێیان وایە ئەمەریكا داگیركەری عێراقە نەك رزگاركەر، بۆ ئەمەش دژی هەموو هەوڵێكی ئەمەریكان، بۆیە هاوپەیمانی نێوانیان دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەبێت.
گوتی "دانوستاندنەكانی هێزە شیعییەكان بەردەوامە و رووكاری لیستی گەورە دەركەوتووە كە كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكانی نێوانیان یەكێكە لە خاڵەكانی". زیاتر گوتی "وەستانەوە دژی هەبوونی پێگەی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق یەكێكی ترە لەو خاڵەنەی هەردوولا لەسەری كۆكن".

هاوكات سادق محنا سەركردە لە هاوپەیمانی نەسڕ دەڵێ هاوپەیمانی نێوان سەدر و عامری بێگومان لێدانێكی راستەوخۆیە لە ئەجێندای ئەمەریكا لە عێراق، گوتی "هەمووان دەزانن ئەمەریكا نایەوێت پڕۆژەی ئێران لە عێراق بەهێز بێت، بۆیە هیچ كات ئەمەریكا بەو پڕۆژەیە دڵخۆش و دڵنیا نییە كە لێدانە لە بەرژەوەندییەكان و پڕۆژەی ئەمەریكی لە عێراق".

دەرگا بە رووی عەبادی و مالیكی دەكرێتەوە
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار كە قسەیان بۆ "شەرق ئەوسەت" كردووە، ئاشكرای دەكەن بەم نزیكانە عەبادی و مالیكی دەچنە پاڵ هاوپەیمانیەتییە نوێیەكە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە داوە، كە هادی عامری سەكردەی هاوپەیمانی فەتح مەرجی لەسەر سەدر داناوە كە دەبێت نووری مالیكی سەرۆك حزبی دەعوە و سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەبێت بێتە ریزی هاوپەیمانییە نوێیەكە، لە بەرانبەریشدا موقتەدا سەدر مەرجی بەشداری پێكردنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕی بەسەر عامری سەپاندووە بۆ هێنانە ریزی هاوپەیمانیەتییەكە.
 
گەڕانەوە بۆ مەزەوگەرایی سائیروون هەڵدەوەشێنێتەوە
حزبی شیوعی عێراق و رەوتی مەدەنی، دوو كۆڵەكەی سەرەكی هاوپەیمانی سائیروونن كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات، ئەوان لە بارەی راگەیاندنی هاوپەیمانی نێوان سەدر و عامری لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری خۆیان راگەیاند.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی، حزبی شیوعی پشتگیری خۆی لە هاوپەیمانیەتییەكە راگەیاندووە لەگەڵ ئەوەی جیاوازی بۆچوون و هزری و هەڵوێستی سیاسی لەنێوانیان هەیە.

شیوعی عێراقی پێی وایە هاوپەیمانیەتییەكە لەكاتێك راگەیەنرا كە وڵات لە لێواری شەڕی ناوەخۆ بووە بەهۆی ئەوەی هەندێك لایەن نایانەوێت  دەسەڵات بەشێوەی ئاشتیانە دەستاودەست بكات، رێگرن لەوەی پڕۆژەیەكی نیشتمانی سەربكەوێت كە جەماوەر دەنگی پێداوە.
گوتی "هاوپەیمانیەتییەكە وا دەكات هێزەكانی تر زیاتر باوەڕ بە پڕۆژەی نیشتمانی هاوپەیمانی سائیروون بهێنن بۆ كۆتایی هێنان بە مەزەوگەرایی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراسی، بۆیە داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەكان دەكەین لەسەر هێڵە گشتییەكان رێككەوتن بكەن بۆ تێپەڕاندنی مەزەوگەرایی و كاركردن بەیەكەوە بۆ پێكهێنانی لیستی گەورە و پێكهێنانی حكوومەت لەسەر بنەمای توانا و دەستپاكی و نیشتمانی".



وشە - فه‌رمان سادق