ئێران ئاوی زێی بچووكی بە تەواوی گرتەوە

:: PM:01:51:19/06/2018 ‌
كۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچووكی بە تەواوی گرتووەتەوە، كە ئێستە سەرجەم ئەو پرۆژانەی لەسەر زێی بچووكن گرفتی ئاویان بۆ دروست بووە و كارەكانیان وەستاوە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە ئاگەدارییەكی پڕۆژە خاس بۆ دابین كردنی ئاو هاتووە، دووبارە بە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زێی بچووك گرفت بۆ ئیش كردنی پڕۆژەكەمان دروست بوو كە ئاستی ئاوەكە لە دوو مەتر و 30 سانتیم هاتۆتە یەك مەتر و 60 سانتیمەتر.

لەبەشێكی تری ئاگەدارییەكە هاتووە، كارمەندانی پڕۆژەكە بە هاوكاری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ لە كاركردنی بەردەوام دان بۆ بەرز كردنەوەی ئاستی ئاوی زێیەكە و كەمتر بەكارهێنانی بۆ ئەوەی پرۆژەكانی پێ تێراو بكرێ.

غەریب پێنجوێنی جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەر لە جەژن لیژنەكەمان كۆبوونەوەیەكی لەسەر گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجام دا، بەڵام نەگەیشتین بەهیچ ئەنجام و گرتنەبەری ڕێوشوێنێك.

جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری گوتی، پرسی ئاو پرسێكی گرنگە پێویستە عێراق بێتە دەنگ، چونكە تەنیا مەترسی بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو بۆ عێراقیشە بۆیە چووینەتە لای وەزیری ئاوی عێراق ئەوانیش لەگەڵ ئێران گفتوگۆیان كردووە، بەڵام نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك.

زێی بچووك لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیراوەتەوە ئێستە ڕێژەی ئاوەكەی لە %95 دابەزیووە بەهۆی دروستكردنی بەنداو لە سنووری ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە ساڵانە بە ملیۆنان ماسی لەناو دەچن لە هەرێمی كوردستان و زیانی زۆر بەر ئابووری كوردستان دەكەوێ.



وشە - رامیار جەواد