دوای ئێزیدی و كریستیان..داعش جینۆسایدی كاكەییەكان دەكات

:: PM:03:48:19/06/2018 ‌
سنووری ناوچەی كاكەییەكان لە مووسڵ و كەركووك و سەڵاحەدین لەلایەن حەشدی شەعبی و داعش كۆمەڵكوژی تێدا ئەنجام دەدرێت و بەرپرسێكی كاكەییەكانیش دەڵێت، ژیان بۆ كاكەییەكان لە عێراق بووەتە جەهەننەم.

رەجەب عاسی كاكەیی كەسایەتیكی دیاری كاكەییكان خەڵكی گوندی عەلی سەرایی كاكەیی بۆ"وشە" گوتی, لەدوای 16 ئۆكتۆبەر و كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەبوونی هیچ هێزیكی تەناهی و  سەربازی لە ناوچەكە نزیكەی هەشت گوندی كاكەیی چۆڵی كردووە.

رەجەب كاكەیی گوتی، ئەو هەشت گوندە بریتیە لە گوندەكانی "عەرەب كۆیی، ئەلبو مەحمەد، سەید عەباس، شەشەو، تەپەی دووسەر، شالیار، شكور جەیران"، ئێستەیش مەترسی لەسەر   پێنج گوندی تری كاكەیی هەیە ئەو پێنج گوندەیش بریتین لە "زەنقر، عەلی سەراو، تۆپزاوە، مەتیق، رزگاری" چەند شەوێكە دانیشتوانی گوندەكانی زەنقر و عەلی سەراو و تۆپزاوە بەشێكی گوندەكان خێزانەكانیان لە گوندەكان دوورخستوەتەوە.

كاكەیی ئاشكرای كرد، هەموو دەزگە تەناهییەكان ئاگەداری ناوچەكەن كە مەترسی هەیە مەترسیەكانمان گەیاندووە بە شوێنەكان بەڵێنیان پێداوین هێز ڕەوانەی ناوچەكان بكەن، بەڵام تائێستە هیچ هێزێك بۆ پاراستنی ناوچەی كاكەییەكان دیاری نەكراوە و نەهاتووە.

شەوی رابردوو گوندی توپزاوەی كاكەیی لە خوارووی شارۆكەی داقووق بەشێك لە دانیشتووانی ئەو گوندە ماڵ خێزانەكانیان لە ترسی هەڕەشەی تیرۆرستانەوە ماڵ و منداڵ خێزانیان بردووەتە شوێنێكی تر.

 ئەنوەر كاكەیی دانشتوی گوندی تۆپزاوا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند, دانیشتوانی گوندی تۆپزاوا خێزانەكانیان دەگوازنەوە و بە شەو تەنیا پیاوەكان لە ماڵەوە دەبن، بۆچاودێری كردنی ماڵ حاڵیان.

 زیاتر گوتی، بەهۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگە و نەبوونی هیچ هێزێكی تەناهی مەترسی لەسەر گوندی كاكەییەكان هەیە لە سنووری شارۆكەی داقووق.

هاوكات خەلیل عەبدوڵا كاكەیی دانیشتوی گوندی زەنقر بۆ "وشە" گوتی, سەردار ئاغایی  كاكەیی سەرۆك هۆزی كاكەیی داوای لە فەرماندەی هێزەكانی كەركووك كردووە  بۆ وەگرتنی هێز بەڵێنی پێدراوە هێز رەوانەی ناوچەكە بكرێت،  بۆ چاودێری گوندەكانی كاكەیی، بەڵام تا ئێستە هیچ هێزێك دیاری نەكراوە و ناوە ناوە هێزە چەكدارەكان، خەڵكی دەورووبەری داقووق دەڕفێنن بەرانبەر بە بڕێك پارە ئازادی دەكەن.

كاكەیییەكان لەلایەن چەكدارانی داعش دەكوژرێن، چونكە ئەوان بەشێكییان خۆیان بە مسوڵمانی شیعە مەزەو ناساندووە، هەروەها بەشێكیان لەلایەن حەشدی شەعبی ئازار دەدرێن، چونكە بەشێكیان خۆیان بە كاكەیی و خاوەن ئاینی تایبەت دەزانن.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبەشێكی ڕاپۆرتەكە باس لە كوشتوبڕی كاكەییەكان كراوە لە ساڵی 2017 و چوار مانگی ساڵی 2018 ئەوە بە گوتەی عاسی ئەیبەد سەرۆكی یەكێك لە هۆزەكانی كاكەیی.

عاسی بۆ "وشە" گوتی، ئێمە لە دوو ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 130 كاكەیی هاوڕێ و هاوئاینمان كوژراوە لەگەڵ 90 بێسەروشوێنمان هەیە كە تا ئێستە نازانین چیان بەسەر هاتووە، بۆیە كاكەییەكان زیاتر لە ئێزدییەكان ئێستە ژیانیان لە مەترسیدایە لە عێراق.

زیاتر گوتی، هیچ كەسێك لە دوای سەعات پێنجی ئێوارە پارێزگاری لە سنووری كاكەییەكان ناكات و دەبێت خۆمان خۆمان بپارێزین حەشدی شەعبی دەگەڕێنەوە بارەگەی خۆیان لە پارێزگاكان، بۆیە سنووری كاكەییەكان لە خانەقین تاوەكو مووسڵ لە مەترسیدایە.

مێژووی كاكەییەكان وەك باوەڕێكی ئاینی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و زۆربەی رۆژهەڵاتناسان و نووسەرانی بیانی، ئەوەیان سەلماندووە لە پەرتووكە مێژوییەكان كە بوونی كاكەیی "یارسان" لە ناوچەی رۆژهەڵات پێش زۆربەی ئاینەكانی تر هەبوونە وەك جوو، كریستیان و ئیسلام ناوچە و چیاكانی هەورامان چەقی پیرۆزی بڵاوبوونەوەی ئاینی یارسان بوونە بە دیوی ئێران-عێراق، هەروەها وڵاتانی توركیا، هیندستان (پنجاب) شوێنی پێڕەوانی باوەڕی یارسان بووە.

شوێنكەوتووانی ئەو باوەڕە لە ئێران بە ‌ئەهلی هەق و یارسان ناسراون، لە عێراق بە كاكەیی و‌ بە ‌رەچەڵەك كوردن و بە ‌زمانی ماچۆ قسە دەكەن و كتێبە پیرۆزەكەیان "سەرئەنجام" بە ‌هەمان زمان نووسراوەتەوە. سەرئەنجام هەیە بە زمانی فارسی و توركی.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لەسەر ژمارەی كاكەییەكان لە باشووری كوردستان، لە ‌نێوان 200 تا 250 هەزار كەس دەبن و‌ چڕ بوونەتەوە لە شاری كەركووك، رۆژئاوای هەلێر، هەڵەبجە و هەورامان، بەشێك لەو ناوچانەی بە سنووری هەرێم لە دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی كوردستان ناسراون، بەڵام زۆرترین ژمارەی كاكەییەكان دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان و بە‌ سێ ملیۆن كەس هەژمار دەكرێن.

سەڵاحەدین/ زانیار داقوقی + رامیار جەواد



وشە - رامیار جەواد