رووداوێكی هاتوچۆ پێنج كەسی كردە قوربانی

:: PM:04:12:19/06/2018 ‌
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، لەسەر رێی كەركووك - بەغدا، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێك، پێنج هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا كە بەپێی زانیارییەكان ئەندامی یەك خێزانن.

لەبارەی ڕووداوەكە محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاب دەبڵ، ژمارە هەولێر لەسەر شەقامی گشتیی كەركووك -  بەغدا، نزیك بنكەی پۆلیسی ئینجانە پێنج هاووڵاتیی گیانیان لە دەست دا.
 
زیاتر گوتی، ڕووداوەكە بەهۆی تیژڕەوییەوە بووە و ئۆتۆمبێلەكە كۆنترۆڵی خۆی لە دەستداوە. بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو دووپاتی كردەوە كە بەهۆی ئەو رووداوەوە پێنج كەس گیانی لەدەست دا و كەسێكیش بە سەختی بریندار بوو.

ئەوە لەكاتێكدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوویش چەندان ڕووداوی تری هاتوچۆ لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان ڕوویدابوو، بەڵام بەگوێرەی ئامارەكانی پۆلیسی هاتوچۆ لە ڕووداوەكانی جەژندا هیچ كەسێك گیانی لە دەست نەداوە و تەنیا زیانی مادی زۆر لە ڕووداوەكاندا كەوتووەتەوە.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم