كۆمەڵی ئیسلامی: یەكڕیز نەبین بەرانبەر بەغدا زیانمان بەردەكەوێت

:: PM:04:36:19/06/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی داوای یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەكات و پێی وایە كە ساختەكاری چەند ناوچەیەك لە هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ڕابردوو بووە هۆی تێكچوونی یەكڕیزی نێوان لایەنە كوردستانییەكان.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، زانا ڕۆستایی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بێگومان ئەو پەرتەوازەیی و یەكڕیز نەبوونەی كورد زیانی گەورەی بە دوادادێت و پێویستە بەرانبەر بەغدا یەكڕیز بین.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو پەرتەوازەییەی دروست بووە لەئەنجامی ئەنجامدانی ئەو ساختەكارییە زۆرە بووە كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو لەچەند ناوچەیەك ئەنجام دراوە.

رۆستایی لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستە ئەوان چاوەڕوانی یەكلا كردنەوەی ئەنجامی سكاڵاكانن لەلایەن دادگاوە و تا سكاڵاكانیش یەكلا نەكرێتەوە ئامادە نین هیچ كۆبوونەوە و گفتوگۆیەك لەگەڵ پارتی و یەكێتی و لایەنە سیاسییەكانی تری بەغدا بكەن.

ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی كۆمەڵی ئیسلامی هاوكاتە لەگەڵ تۆمار كردنی چەندان سكاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ڕابردوو و چەند بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق بۆ هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست كە تا ئێستە جێبەجێ‌ نەكراوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم