هەرێمی كوردستان هۆشداری لەسەر هاتنی ئاوارەی زیاتر دەدات

:: PM:03:00:20/06/2018 ‌

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا  هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان بەهۆی ململانێی تایفی، بوونی میلیشیاكان و مەترسی بوونی تیرۆریستان و دەڵێت لە سەرەتای ساڵی 2018 وە نزیكەی شەش هەزار كەس ئاوارەی هەرێم بوون.

ئەو روونی كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پابەندبوونی بە بنەما نێودەوڵەتییەكان و پڕەنسیپ و بەهاكانی مافی مرۆڤ بەردەوام پەناگەی ئارام بووە بۆ خەڵكی لێقەوماو و دەرگای كراوە بووە بەڕووی ئاوارە و پەنابەراندا بە هەموو پێكهاتە ئاینی، مەزەوی و نەتەوەیییەكان لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ. هاتنی بە لێشاوی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران وای كردووە كە ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی 32% زیاد بكات و بەمەش حكوومەتی هەرێم كەوتووەتە ژێر باری ئەركێكی قورسەوە بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە. بەپێی دواین ئامارەكان ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 242هەزار كەس، پەنابەرانی باكور 21 هەزار، رۆژهەڵات 13 هەزار و كۆی هەموویان گەیشتووەتە زیاتر لە 277 هەزار كەس، هەروەها زیاتر لە ملیۆنێك و  سەد هەزار ئاوارەمان لە  لە هەرێم هەیە كە پێكدێن لە پێكهاتەی برا عەرەبەكان، كوردانی ئێزیدی، مەسیحی، كاكەیی، شەبەك و پێكهاتەكانی تر.

دكتۆر دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا رای گەیاند حكوومەتی هەرێم هیچ كات سیاسەتی ئەوەی نەبووە بە زۆر ئەم ئاوارە و پەنابەرانە بگەڕێنێتەوە شوێنەكانیان و بە هیچ شێوەیەك ناچار بەم كارەی نەكردوون، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەوڵی رژدی داوە بۆ دابینكردنی پێداویستییە مرۆیییەكان بۆیان و پاراستنی سەرجەم مافەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە ئەگەرچی خۆی فشارێكی زۆری لەسەر بووە. شایانی ئاماژە پێكردنە ئەوانەی كە بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە لە مانگی ئایاردا ژمارەیان 20 هەزار و 55 كەسە.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوەش كرد كە بڕی تێچووی خەمڵێنراو بۆ دابینكردنی پێداویستی كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ئابووری و مرۆیی ئاوارەكان و پاراستنی سەرجە مافەكانیان لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە ملیارێك و 988 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا.  هەروەها تێچووی دابینكردنی پێداویستییە هەرە سەرەتایییەكانی ڕۆژانەی هەر ئاوارەیەك، وەك شوێنی حەوانەوە، ئاسایش، ئاو و پاكوخاوێنی، كارەبا، تەندروستی، پەروەردە، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی كەمپەكان دەكاتە 5 ملیۆن و 550 هەزار دۆلاری ئەمەریكی. ئێستە ژمارەی كەمپەكان 39 كەمپە كە نۆ كەمپیان تایبەتە بە پەنابەران و 30 كەمپیش بۆ ئاوارەكان.

ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوونە بەهۆی ململانێی تایفی، بوونی میلیشیاكان و بوونی شانەی نوستووی تیرۆریستان بەتایبەت لە هەندێك لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم وای كردووە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە روو لە هەرێم بكەن و ئەوانەش لێرەن نەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان بۆ نموونە هەر لە مانگی ئایاری ساڵی 2018 دا 592 كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە كە زۆرینەیان لە مووسڵەوە هاتوون، هەروەها لە مانگی كانوونی دووەمی 2018 تا ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە پێنج  هەزار و 981 كەس.

لەبارەی دابینكردنی هەلی كار بۆ ئاوارە و پەنابەران رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رای گەیاند، حكوومەتی هەرێم سیاسەتێكی بۆ سەرجەم ئاوارە و پەنابەران پێڕەو كرد لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ ئەوەش پێدانی مۆڵەتی نشینگە و كاركردن بوو. ئەوەش بووە هۆكارێك بۆ رەخساندنی دەرفەتی كاركردن بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر و ئامارێكی دڵخۆشكەری رێژەی كاری بەرهەم هێنا، كە 63.5%ی ئاوارەكان و 87.9%ی پەناخوازانی سووریا ئەوانەی دەتوانن كار بكەن، كار دەكەن و داهاتێك وەدەست دەخەن لە ناوە و دەرەوەی كەمپەكان".

لە درێژەی قسەكانیدا زێباری دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئاژانسەكانی یوئێن هاوكار بوونە بۆ باشتركردنی رەوشی مرۆیی ئاوارە و پەناخوازان، بەڵام كێشەكە لەوەدایە مانەوەی ئەم ژمارە زۆرە ئاوارەیە و زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتووان بەهۆی هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە حكوومەتی هەرێمی خستووەتە ژێر باری ئەركێكی قورسەوە و ناتوانێت بە تەنیا رووبەڕووی ئەم رەوشە ببێتەوە، بۆیە داوا دەكەن لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران زیاتر بكەن بەتایبەتی لەرووی دابینكردنی پێداویستی تەندروستی و پەروەدە و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان.

پیویستە بگوترێت داعش لە سنوورەكانی خۆی بەزێنراوە و دەسەڵاتەكەشی رووخاوە و لە جیاتی ئەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە لە سایەی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی جگە لەوەی ئاوارەكان ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان خەڵكی تریش ئاوارە دەبن.





وشە - سلێمان تاشان