چین لە ململانێی ئابووری لەگەڵ ئەمەریكا چی پێ دەكرێت؟

:: PM:08:20:20/06/2018 ‌

هەریەك لە چین و ئەمەریكا چوونەتە ناو قۆناغێكی قووڵتری ململانێ بازرگانییەكانیان كە كاریگەری كردووەتە سەر دۆخی بازاڕەكانی دنیا، ئەوەیش دوای ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی سەپاندنی رسووماتی نوێی بەسەر بەرهەمەكانی چینی بەبەهای 200 ملیار دۆلار كرد، كە هەر ئەوەیش چینی هاندا بۆ تۆمەتباركردنی واشنتن بە هەڵگیرساندنی جەنگێكی بازرگانی، بەڵام لەبەرانبەر دەسەڵاتەكانی ئەمەریكا چین چی پێ دەكرێت؟.

دووشەمی رابردوو ترەمپ رای گەیاند كە هەڕەشەكانی لەدژی چین وەڵامدانەوەی بڕیارێكی چین بووە بەسەپاندنی رسوومات بەسەر بەرهەمەكانی ئەمەریكا بەبەهای 50 ملیار دۆلار، ئەوەش لە چوارچێوەی هەنگاوێكی چین كە هەینی رابردوو رسووماتی بەسەر بەرهەمەكانی ئەمەریكا راگەیاند. كە ئەوەیش وای كرد چین نەتوانێت وەڵامی ئەو هەڕەشە گەورەی ئەمەریكا بەهاوشێوە بداتەوە، چونكە بەهای بەرهەمەكانی بڕیارەكەی ترەمپ دەیانگرێتەوە 70 ملیار دۆلار تێپەڕ دەكات كە دەكاتە كۆی هاوردەی چین لە ئەمەریكا پارساڵ. بەڵام چین دەتوانێت بەچەند رێگەیەكی تر وەڵامی واشنتن بداتەوە وەك لە خوارەوە:

*سەپاندنی رسووماتی زیاتر 
دوای ئەوەی چین هەینی رابردوو سەپاندنی رسووماتی زیاتر بە رێژەی 25% كە بەهاكەی 50 ملیار دۆرە، بەسەر بەرهەمەكانی ئەمەریكا راگەیاند، ئێستە دەتوانێت رسوومات بەسەر بەرهەمی تری بسەپێنێت وەك فڕۆكە.

بەڵام پارساڵ چین بەبەهای 129.89 ملیار دۆلار بەرهەمی ئەمەریكای هاوردە كردووە لەو كاتەی ئەمەریكا بەبەهای 505.47 ملیار دۆلار بەرهەمی چینی هاوردە كردووە، ئەوەیش بەپێی زانیارییەكانی گومرگی ئەمەریكا، لەو كاتەی زانیارییەكانی گومرگی چینی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە چین بەبەهای 153.9 ملیار دۆلار بەرهەمی ئەمەریكایی هاوردە كردووە و ئەمەریكا بەبەهای 429.8 ملیار دۆلار بەرهەمی چینی هاوردە كردووە، بۆیە ترەمپ ئەگەر هەڕەشەكانی بۆ ئاستی 300-400 ملیار دۆلار ببات، ئەوە چین تەنیا دەتوانێت بیگەیەنێتە 100 ملیار، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە پێویستە چین پەنا بۆ رێوشوێنی تر ببات.

*دانانی كۆت بەسەر چالاكییەكانی كاركردن
چین دەتوانێت كۆتی گرانبەها بەسەر كاڵا هاوردەكان لە ئەمەریكا بسەپێنێت وەك ئەوەی لە ئایاری رابردوو چین دەستی كرد بە پشكنینی چڕی بەرهەمەكانی هاتوو لە ئەمەریكا، واتە قورستر لەپێشوو كە كاڵایەكی زۆری گرتەوە، هەروەها چین دەتوانێت بنەمای نوێ بەسەر بەرهەم و كاركردنی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا دابنێت بۆ سنوورداركردنی بوونیان لەسەر خاكەكەی وەك دووەم گەورە هێزی ئابووری لە دنیا و رەنگە بەیەكجاری قەدەغەی كاركردنیان بكات. كە پێشتر ساڵانێك كۆمپانیاكانی فەیسبووك و گووگڵ قەدەغەی كراكردن كران. رەنگە مۆڵەتی كاركردن لەهەندێك كەرت بەزەحەمتتر بكەوێت بۆ كۆمپانیاكانی ئەمەریكای.

*بەزەحەتكەوتنی رەزامەندی چین لەسەر گرێبەستەكانی ئەمەریكایی
بۆ نموونە چین رەزامەندی پێشان نەداوە لەسەر پێشنیازی بەدەستهێنانی كۆمپانیای كوالكۆمی ئەمەریكایی بۆ گرێبەستێك بەبەهای 44 ملیار دۆلار دوای رازیبوونی هەشت لە نۆ لایەنی پێوە ندیدار بە گرێبەستەكەوە.

*جموجۆڵی دراو
چین دەتوانێت رێگە بە (یوان)ی چینی بدات بۆ پاشەكشەكردن لەبەهاكەی لەبەرانبەر دۆلاری ئەمەریكایی و ئەوەیش وا دەكات بەرهەمەكانی ئەمەریكایی بەهایان زیاتر بێت و هەناردەكراوی چینیش بەهایان كەمتر و نرخیان هەرزانتر بێت، راستیەكەیش لە ناوەڕاستی نیسانی رابردووەوە بەهای یوان لەدابەزیندایە لە بەرانبەر دۆلار، بەڵام شارەزایانی ئابووری وریایی لە دابەزینێكی گەورەی بەهای یوان دەدەن وەك ئەوەی لە 2015 رووی دا و چەند مانگێكی خایاند و پارەیەكی زۆر برایە دەرەوە. 

*گلدانەوەی سەنەدی گەنجینەیی
چین دەتوانێت دەستبەسەرداگرتن و گلدانەوەی قەبارەی گەورەی سەنەدی گەنجەینەیی ئەمەریكایی كەم بكاتەوە كە لە ئازاری رابردوو قەبارەی سەنەدی حكوومەتی ئەمەریكا لای چین گەیشتە 1.188 ترلیۆن دۆلار كە بەرزترین ئاست بوو، بەڵام لەلایەكی تر شارەزایان دەڵێن چین نایەوێت ئەو كارە بكات چونكە نایەوێت وەبەرهێنانی لەو بوارەوە كەم بكاتەوە. 

بۆیە شارەزایان پێیان وایە كە چین توڕەیی خۆی لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا دەربكات لەبری خۆخستنە ناو مەترسی دروستكردنی پشێوی لە بازاڕەكالان كە زیان بەخۆیشی دەگەیەنێت.

*بایكۆتكردن
رەنگە بەرهەمەكانی ئەمەریكا رووبەڕووی بایكۆتكردن بێنەوە لەلایەن بەكارهێنەرانی چینی وەك ئەوەی پارساڵ لە بەرانبەر بەرهەمەكانی كۆریای باشوور كردیان كاتێك بایكۆتی بەرهەمەكانی كۆریای باشووریان كرد دوای ئەوەی كۆریا سیستەمی دژە مووشەكی "ساد"ی ئەمەریكایی لەسەر خاكەكەی بڵاو كردەوە كە چین پێی رازی نەبوو و كۆمپانیاكانی "لووتی گرووپ"ی كۆریای باشوور زەرەری گەورەیان كرد بەهۆی داخرانی هەموو دووكانەكانی لە چین.

هەروەها رەنگە كەرتی گەشتیاری چینی بۆ ئەمەریكا زەرەری پێ بگات كە ساڵانە سێ ملیۆن چینی سەردانی ئەمەریكا دەكەن و دەیان ملیار دۆلار لەوێ خەرج دەكەن، لەو كاتەی لە 2015 خزمەتگوزاری گەشتیاری دوو لەسەر سێی خزكوتگوزاری ئەمەریكایی بۆ چین پێك هێنابوو. 

*سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەرهەمی ئەمەریكایی
رەنگە كاردانەوەیەكی بەهێزی چینی سەپاندنی سزا و گەمارۆ بێت بۆ سەر بەشێكی زۆری بەرهەمەكانی ئەمەریكا، بەڵام ئەوە لەگەڵ لێدوان و هەڵسوكەوتەكانی چین ناگونجێت كە تێكچوونێكی گەورەی پێوەندییەكانی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمەریكا لێ دەكەوێتەوە و سیستەمی بازرگانی دنیا دەشێوێنێت، لەو كاتەی ئەمەریكا لە 1950 تا 1972 سزای بازرگانی بەسەر چین سەپاندبوو. 

سەرچاوە/ رۆیتەرز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل